ئەنجومەنی شورای ھەرێمی کوردستان

ئەنجومەنی شورای ھەرێمی کوردستان، دامەزراوەیەکی یاسایی و دادوەرییە، بەھۆی ئەوەی کاری دادبینی لە ڕێگای دادگای کارگێڕی و دەستەی بەرزەفتکردنی فەرمانبەرانی ھەرێم، ئەنجامدەدات. کاتێکیش داڕشتن و وردبینی بۆ پڕۆژە یاساکان دەکات یاخود ڕاوێژو ڕای یاسایی لەسەر ئەو بابەتانەی کە لەلایەن دەزگاکانی حکومەت، ئاراستەی دەکرێت، دەردەبڕێت، ئەوا خۆی لە ئاوێزەی ئەنجامدانی کاری یاسایی دەبینێتەوە. ئەم ئەنجومەنە ئەرک و کارو ئامانج و پێکھاتەکانی بەپێی یاسای ژمارە (١٤) ساڵی ٢٠٠٨، یاسای ئەنجومەنی شورای ھەرێم، ڕێکخراوە و ڕاییدەکات.
دامەزراندنی ئەنجومەنی شورا لە ھەرێمی کوردستان، بووەتە ھۆی ئەوەی سیستمی دادوەریی لە ھەرێم، ببێتە سیستمی دوولایەنە، کە خۆی لە دادوەریی ئاسایی و دادوەریی کارگێڕیی دەبینێتەوە. ئەمەش بووەتە ھۆی بەرجەستەکردنی ئەو پرنسیپە یاساییەی کە دەڵێت (مبدڕ خچوع الادارە للقانون). بەوپێیەش پێویستە لە سەر دەزگاکانی ھەرێم کارەکانیان دادپەروەرانەو بەپێی یاسا ئەنجامبدەن، ئەگینا لایەنە پەیوەندیدارەکان دەتوانن داوایان لەسەر تۆمار بکەن لە دادگای کارگێڕی یاخود لە دەستەی بەرزەفتکردنی فەرمانبەران – ھەر یەکەیان بەپێی تایبەتکاریەکەی-.

پێکھاتەی ئەنجومەنی شورا
ئەنجومەنی شورا لە چەند دەستە و بەڕێوەبەرایەتیەک پێکدێت بەم شێوەیە:
١. دەستەی سەرۆکایەتی
ئەم دەستەیە پێکھاتووە لە سەرۆکی ئەنجومەنی شورا و جێگری سەرۆک و ڕاوێژکاری پێشکەوتوو. ئەرکەکانی بریتیە لە دانانی پلان و سیستمی کارکردن و کاندیدکردنی کەسانی بە توانا بۆ پۆستی ڕاوێژکاری یاریدەدەرو دیاریکردنی ئەندامانی –ڕاوێژکار- دەستەی بەرزەفتکردن و تاووتوێکردنی ئەو بابەت و کێشانەی کە گرنگ و کاریگەرن و کۆبوونەوەکانیشی بەپێی پێویست ئەنجامدەدات.
٢. دەستەی گشتی
دەستەی گشتی گەورەترین و گرنگترین دەستەیە لە ئەنجومەنی شورای ھەرێم، پێکھاتووە لە سەرۆکی ئەنجومەن، جێگری سەرۆک، ڕاوێژکاران، ڕاوێژکارانی یاریدەدەر.
ئەم دەستەیە سێ ئەرکی گرنگی لە ئەستۆدایە کە ئەمانەن:
• ئەو بڕیارانەی کە لەلایەن دادگای کارگێڕی یاخود دەستەی بەرزەفتکردنی فەرمانبەران دەردەچێت و یەکێک لە لایەنەکانی داواکە یاخود ئەندامی داواکاری گشتی، ئەو بڕیارە بە یاسایی و دادپەروەر نازانێت، ئەوا دەتوانێت لەلای دەستەی گشتی تانەی لێبدات، ئەو کات دەستەی گشتی وەکو دادگای پێداچوونەوە کاری پێداچوونەوە بۆ بڕیارەکە دەکات و لە ڕاست و دروستی دەکۆڵێتەوەو پاشان بڕیاری پێویستی لە بارەوە دەردەکات.
• ئەنجامدانی کاری داڕشتن و وردبینی بۆ پڕۆژە یاساکان، کە لەلایەن دەزگاکانی حکومەتی ھەرێم ئاراستەی دەکرێت.
• دەربڕینی ڕاوێژو ڕای یاسایی لە سەر ئەو بابەتانەی کە لەلایەن وەزارەت و فەرمانگە نەبەستراوەکان بە وەزارەت ئاڕاستەی دەکرێت.
کۆبوونەوەکانی خۆی ھەموو ھەفتەیەک و بەپێی پێویست، بە ئامادەبوونی ھەموو ئەندامان یاخود سێ لە سەر چواری ئەندامان ئەنجامدەدات.
٣. دەستەی بەرزەفتکردنی فەرمانبەرانی ھەرێم
دەستەی بەرزەفتکردن پێکدێت لە جێگری سەرۆک و دوو ڕاوێژکار، کە لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتی دیاریدەکرێن. سەیری ئەو داواو کێشانە دەکات کە لەئەنجامی پیادەکردنی یاسای ڕاژەی شارستانی و ڕێنماییەکانی تایبەت بەم بوارەو یاسای بەرزەفتکردنی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی ژمارە (١٤) ساڵی ١٩٩١، سەرھەڵدەدەن. ئەمەش مانای وایە ئەم دەستەیە تایبەتە بەوکێشانەی کەلەنێوان فەرمانبەران و فەرمانگەکانیان سەرھەڵدەدەن.
بەپێی یاسای ئەنجومەنی شورا، لە ھەرێمی کوردستان تەنیا یەک دەستەی بەرزەفتکردنی فەرمانبەران ھەیەو بارەگاکەشی لە شاری ھەولێرە، بۆیە بەپێی یاسا ناتوانرێت دەستەی تر لە شارەکانی تری ھەرێم بکرێتەوە.
٤. دادگای کارگێڕی
بەپێی یاسای ئەنجومەنی شورا، ئەم دادگایە دادەمەزرێ بە سەرۆکایەتی دادوەرێک لە پۆلی یەکەم و ئەندامیەتی دوو دادوەر لە پۆلی دووەم یان سێیەم یاخود ئەندامیەتی دادوەرێک و ڕاوێژکارێک.
لە ئێستادا تەنیا یەک دادگای کارگێڕی لە شاری ھەولێر کراوەتەوەو کاری دادبینی ئەنجامدەدات. بەڵام بەپێی یاسای ئەنجومەنی شورا، لە دەسەڵاتی وەزیری داد دایە بەپێی پێویستی و بەرژەوەندی گشتی، لە سەنتەری پارێزگاکانی ھەرێم، دادگای کارگێڕی بکاتەوە و لە پلانیشدایە لە ماوەیەکی نزیک دادگای کارگێڕی تر بکرێتەوە.
ئەم دادگایە سەیری ئەو کێشەو داوایانە دەکات، کە لە ماددە (١٣)ی یاسای ئەنجومەنی شورای ھەرێمدا ھاتووە کە ئەمانەن:
• سەیرکردنی دروستی ئەو فەرمان و بڕیارە کارگێڕیانەی کە لە فەرمانبەران و دەستەکان لە فەرمانگەکانی ھەرێم دەردەچن لە دوای بەرکاربوونی ئەم یاسایە، کە لایەنێک دەست نیشان نەکراوە بۆ تانووت لێدانی لە سەر تانووت لێدانێکی خاوەن ئەگەری بەرژەوەندی، تەنیا ئەوەندە بەسە کە ترسی ئەوە لە گۆڕێدا ھەبێت کە زیان بە لایەنی بەرژەوەندیدار بکەوێ.
• یەکلاکردنەوەی تانووتە تایبەتیەکان بە ھەڵبژاردنی دەستە خۆجێیەکان.
• یەکلاکردنەوەی ئەو داوایانەی کە دەستەکان و کەسەکان پێشکەشی دەکەن بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارە کارگێڕییە کۆتاییەکان.
• داواکانی ڕەگەزنامە.
• داواکانی قەرەبووکردنەوە لەو زیانانەی کە لە ئەنجامی بڕیارە کارگێڕییەکانی بە نایاسایی دەرچوون.
• تانووتدان لە بڕیارە کۆتاییەکانی کە لە لایەنە کارگێڕییەکانەوە دەرچوون لەبارەی کێشەکانی باج و ڕەسم بەپێی ئەو یاسایەی کە چۆنیەتی سەیرکردنی ئەو ناکۆکییانە ڕێکدەخات.
• تانووتدان لە ڕەتکردنەوە یان کارنەکردنی فەرمانبەر یان دەستەی فەرمانگەکان و دەزگاکانی ھەرێم لەبارەی دەرکردنی بڕیارێک یان فەرمانێک کە پێویست بوو لە سەری لە ڕووی یاساییەوە بیکات.
ھەروەھا لە ئەنجومەنی شورادا چەند پێکھاتەیەکی کارگێڕی لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتی ھەیەو کاری پاڵپشتی ئەنجامدەدەن بۆ ئەو پێکھاتانەی تایبەتکارن بە جێبەجێکردنی ئامانجەکانی ئەنجومەنی شورا، کە ئەمانەن:
• بەڕێوەبەرایەتی کارگێڕی دیوانی ئەنجومەن.
• بەڕێوەبەرایەتی خۆیەتی.
• بەڕێوەبەرایەتی ژمێریاری.
• بەڕێوەبەرایەتی کارگێڕی دادگای کارگێڕی.
بێگومان بەگوێرەی تایبەتکاری پێکھاتەکانی ئەنجومەن کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێداوەو بەپێی یاسای ئەنجومەن، کارە سەرەکیەکانی ئەنجومەن بریتین لە:
• داڕشتن و وردبینی پڕۆژە یاساکان.
• ڕادەربڕینی یاسایی.
• سەیری ئەو داوایانە دەکات کە لەماددەی(١٣) یاسای ئەنجومەندا ھاتووە (کاری دادگای کارگێڕیە).
• سەیری ئەو داواو کێشانە دەکات، کە لە ئەنجامی پیادەکردنی یاسای ڕاژەی شارستانی سەرھەڵدەدەن.(دەستەی بەرزەفتکردن).
کارڕایی پڕۆژە یاساکان
کاتێک پڕۆژە یاسایەک ئاراستەی ئەنجومەنی شورا دەکرێت، بەڕەزامەندی سەرۆکی ئەنجومەن، وێنەیەکی کۆپی دەکرێت و بەسەر ئەندامانی لێژنەی پێداچوونەوەو لێوردبوونەوە لە پڕۆژە یاساکان لە دەستەی گشتی دابەشدەکرێت، ئەوانیش لێوردبوونەوەیەکی ورد بۆ پڕۆژە یاساکە دەکەن لە ھەموو ڕوویەکەوە، پاشان لە کۆبوونەوەی دەستەی گشتی بیروڕاکان تاووتوێدەکرێن لە سەر پڕۆژە یاساکەو بە یاداشتنامەیەکی ڕوونکردنەوە، تێبینیەکان لەسەر پڕۆژەکە دیاریدەکرێن و ھاوپێچی پڕۆژە یاساکە دەکرێت و بۆ لایەنی پەیوەندار ڕەوانە دەکرێتەوە.
دیدێک بۆ کارو چالاکیەکانی ئەنجومەن
لە ماوەی کابینەی حەوتەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کارەکانی ئەنجومەنی شورا زۆر بە ئیجابی ڕاییکراوەو ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی شورا لە ڕاوێژکاران تەواو کراوە لە ڕێگای دامەزراندنی (٥) ڕاوێژکارو (٢) ڕاوێژکاری یاریدەدەر، ھەروەھا کۆمەڵێک فەرمانبەری گەنج بە گرێبەست دامەزرێنراون، لەگەڵ کردنەوەی چوار خولی گرنگ بۆ ڕاوێژکارانی ئەنجومەن، بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پیشەییان لە ڕووی داڕشتنی یاساییەوە.
لە ساڵی ٢٠١٢: (٣٨) پڕۆژە یاسا، ئاڕاستەی ئەنجومەنی شورا کراوە، گرنگترینیان ئەمانەن کە ئەنجومەن ڕۆڵی ھەبووە لە سەرخستنی:
• پڕۆژە یاسای بوودجەی ساڵی ٢٠١٣.
• پڕۆژە یاسای (المنافسە ومنع الاحتکار).
ھەروەھا یاسای ئەنجومەنی شورا لە کاتێک دانراوە کە ھەرێم زۆر پێویستی پێی ھەبووە ، ھەر بۆیە بەپەلەو خێرا دانراوە. لە ئێستادا زۆر پێویستە ھەمواربکرێتەوەو بۆ ھەموارکردنیشی پڕۆژە یاسایەک ئامادەکراوە.
چەند کارو چالاکیەکی گرنگ
ئەمانەی خوارەوە نمونەی چەند کارو چالاکیەکی گرنگی ئەنجومەنی شورای ھەرێمە:
• سایتی ئەنجومەنی شورا بە ھاوکاری ڕێکخراوی (UNDP) دروستکراوەو لە ئایندەدا لە بەرنامەدایە بە شێوەیەکی ڕێک کاری بۆ بکرێت.
• دانانی سیستەمی زانیاری لە ڕێگای دروستکردنی داتابەیس بۆ کاری ڕادەربڕین و داخیلکردنی ھەموو ڕایەکان لە داتابەیس و سوود وەرگرتن لێی بۆ بەڕێوەبردنی ڕایەکان.
• دانانی سیستمی زانیاری لە ڕێگای دروستکردنی داتابەیس بۆ ھۆبەی پێداچوونەوە بۆ ئەو بڕیارانەی کە لەلایەن دەستەی گشتیەوە دەردەچێت سەبارەت بەو تانانەی کە لە بڕیارەکانی دەستەی بەرزەفتکردن و دادگای کارگێڕی دراون.
• دانانی سیستمی زانیاری لە ڕێگای دروستکردنی داتابەیس بۆ کاری پڕۆژە یاساکان.
• دانانی سیستمی زانیاری لە رێگەی دروستکردنی داتابەیس بۆ کاری ئەرشیفی یاساکان و بڕیارە دەرچووەکان لەلایەن ئەنجومەنی شۆڕشی ھەڵوەشێنراوەو دابەشکردنی بە شێوەی DVD بەسەر ئەندامانی دەستەی گشتی.
• دانانی ھێڵی ئەنتەرنێت٠

 

ناونیشان

ناونیشان: هەرێمی کوردستان-هەولێر

‌چواڕیانی فرنسوا میتران

 سۆسیال میدیا

پەیوەندی کردن

بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانتان سەبارەت بە هەر کارێکی پەیوەست بە وەزارەتی داد یا هەر فەرمانگەیەکی تری سەر بە وەزارەت دەتوانن پرسیارو داواکاری و سکاڵاکانتان لە رێگەی ئەم فۆرمەوە بنێرن

: iraq, irbil
: 2245580 - 2245507 - 2245506
  نامەکەت نەگەیشت.   نامەکەتە بەسەرکەوتووی گەیشت.
Top