وەزارەتی داد رەوشی چاكسازییەكان تاوتوێ دەكات

15 آب/أغسطس 2018

 

رۆژی 12/8/2018، بۆ تاوتوێكردنی یاساكانی تایبەت بە چاكسازییەكان و رەوشی ئافرەتان لە چاكسازییەكاندا، وەزارەتی داد سەرپەرشتی پانێلێكی كرد، كە لیژنەی ھاوبەشی بڕیاری نێودەوڵەتی 1325 و پلانی ستراتیژی لە وەزارەتی دادی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بەھەماھەنگی لەگەڵ رێكخراوی مەسەلە بۆ پەرەپێدانی توانا مرۆییەكان و رێكخراوی یوپی پی و یەكێتی ئەورۆپا، ئامادەیان كردبوو .

پانێلەكە بە وتەیەكی دادوەر عەبدولڕەحمان سیوەیلی بەڕێوبەری گشتی داد دەستی پێكرد،تیایدا دووپاتی لەوە كردەوە كە وەزارەتی داد لە رێگەی داواكاری گشتییەوە پەیوەندی راستەوخۆو ھەمیشەیی بە رەوشی چاكسازییەكانی كوردستانەوە ھەیە و بەردەوامە بۆ ئەوەی ئەو خوشك و برایانەی بە ھەر ھۆكارێك دووچاری ھەڵەو تاوان بوونەتەوە، رەوشیان باشتر بێت و رۆژێك دابێت وەكو مرۆڤێكی راست وڕەوان بۆ كۆمەڵگە بگەڕێنەوەو خزمەت بە كۆمەڵگەی خۆیان بكەن .

دواترھەریەك لە خاتوو نەجات فەیزووڵا دادوەری داواكاری گشتی و رەمزی كەریم عەبدوڵا بەڕێوبەری یاسایی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری كۆمەڵایەتی، بە جیا زانیارییەكانیان خستەڕوو.

بابەتەكەی خاتوو نەجات لەژێرناونیشانی" رۆڵی داواكاری گشتی لە چاكسازییەكان" بوو تیایدا پەنجەی لەسەر ئەوكەمووكوڕیانە دانا كە ھێشتا لە چاكسازیی ھەولێر ماوەو پێی وابوو كە ستافی چاكاسازی ھەولێر لاوازە، لەوەدا ئاماژەی بەوە دا كە ئەو مندالانەی لە چاكاسازییەكاندا بەھۆی گیرانی دایكیان ناچارن لەوێ بمێننەوە پێویستە رەوشیان باشتر بكرێت، باسی ئەوەشی كرد كە لە نێوان سلێمانی و ھەولێردا لە راگرتنی ژنان جیاوازی ھەیە، ھەروەھا وتی كە بەھۆی ھاتنی ئاوارەكان لە شارەكانی باشوورو ناوەڕاستی عێراقەوە، چاكسازی ھەولێر زۆر قەرەباڵغ بووە .

بابەتەكەی رەمزی كەریم یش بەناونیشانی مافە یاسایی و مرۆییەكانی ژنانی راگیراو لەناو چاكسازییەكاندا" بوو كە تیایدا باسی لەو یاسایانە كرد كە لە ھەرێمی كوردستان و لە عێراق بۆ بەڕێوەبردنی چاكسازییەكان پەیڕەو دەكرێت، لەوەدا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە لە ھەرێمی كوردستان ھێشتا یاسای ژمارە 104 ی ساڵی 1981 بەناوی قانونی دەزگەی گشتی چاكسازی كۆمەڵایەتی پەیڕەو دەكرێت، بەلام لە عێراق یاسای ژمارە 14ی 2018 دەرچووە كە ھەموو یاساكانی پێشووتری بە یاساكانی بریمەریشەوە ئیلغا كردۆتەوە، و بە پێی ئەو یاسایە چاكاسازییەكان خراونەتە سەر وەزارەتی داد، بەڵام ھێشتا ئەو یاسایە لە ھەرێمی كوردستاندا پەیڕەو ناكرێت.

دواتر دەرگەی گفتوگۆو راگۆڕینەوە كرایەوەو ئامادەبووان راو سەرنجی خۆیان خستەڕوو، لە ئەنجامی پرسیارو وەڵامەكاندا، باس لەوە كرا كە پێویستە لیژنەیەكی تایبەتمەند یاسا نوێیەكەی عێراق تاوتوێ بكات و دواتر وەكو پرۆژە بڕیارێك بخرێتەبەردەمی پەرلەمانی كوردستان بۆ مەبەستی پەسەندكردن یان نەكردنی،ئاماژە بەوەشدرا كە راسپاردەكانی ئەم جۆرە پانێلانە زۆر گرنگن و پێویستە وەكو راپۆرت ئاڕاستەی وەزارەتە تایبەتمەندەكان بكرێت، ھەروەھا باس لەوەش كرا كە زۆر پێویستە پرانسیپەكانی بانكۆك لەچاكسازییەكانی كوردستاندا پەیڕەو بكرێت و دایەنگە بۆ مندالانی گیراوان و سزادراوان دابین بكرێت و كار بەو بنەما یاساییە بكرێت كە دووپات لەو دەكاتەوە كە دەبێت سزادان (شەخسی ) بێت، دووپات لە گرنگی ئەو پانێلەی وەزارەتی داد كرایەوە و زۆر لە ئامادەبوان پێیان وابوو كە پێویستە دادوەرانی بەڕێز ئامادەی ئەو پانێلە بوونایە، ئاماژەش بەوەدرا كە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ناو چاكسازی رۆتینات زۆرەو بەھۆی دواكەوتنی چارەسەرییەكان زۆرجار كێشەكان كۆن دەبن و ئاسەواری خراپ و زۆری خۆیان بەجێدەھێڵن، ھەندێك لە ئامادەبوانیش ئەو پرسیارەیان وروژاند كە بۆچی یاسا نوێیەكەی عێراق لە ھەرێمی كوردستانیشدا پەیڕەو ناكرێت .

جیێ باسە ھەریەك لە وەزارەتەكانی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی و وەزارەتی داد و پەرووەردە و ناوخۆ و خوێندنی باڵاو تەندروستی، ھەریەكەیان بەجۆرێك لە وەزارەتە تایبەتمەندەكانن كە پەیوەندیان بە چاكسازییەكانی ھەرێمی كوردساتنەوە ھەیە، بەڵام بە فەرمی چاكسازییەكان لەلایەن وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتەییەوە بەڕێودەبرێن .

ناونیشان

ناونیشان: هەرێمی کوردستان-هەولێر

‌چواڕیانی فرنسوا میتران

 سۆسیال میدیا

پەیوەندی کردن

بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانتان سەبارەت بە هەر کارێکی پەیوەست بە وەزارەتی داد یا هەر فەرمانگەیەکی تری سەر بە وەزارەت دەتوانن پرسیارو داواکاری و سکاڵاکانتان لە رێگەی ئەم فۆرمەوە بنێرن

: iraq, irbil
: 2245580 - 2245507 - 2245506
  نامەکەت نەگەیشت.   نامەکەتە بەسەرکەوتووی گەیشت.
Top