دانیشتنێكی راوێژكاری بۆ پلانی جێبەجێكردنی بەیاننامەی ھاوبەشی تایبەت بە تاوانی تووندوتیژی سێكسی

25 تشرين2/نوفمبر 2018


رۆژی ١٩-١١-٢٠١٨ لە هۆڵی شیراتۆن لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، دانیشتنێکی راوێژکاری بۆ ھەڵسەنگاندن و تاوتوێكردنی پلانی جێبەجێكردنی بەیاننامەی ھاوبەشی تایبەت بە تاوانی تووندوتیژی سێكسی لە دژی ژنان لە کاتی ململانێ چەکدارییەکاندا بەڕێوەچوو، کۆی وتووێژەکان لە شەش بواری هەرە لە پێش و تایبەتدا خۆی دەبینیەوە. کە بواری یەکەمیان بە کاری یاسا و هەموارکردن و داڕشتنی یاساوە پەیوەست بوو.
دانیشتنەكە بە ئامادەبوونی دادوەری داواكاری گشتی، بەدرەدین كەریم، سەرۆکی لیژنەی بڕیاری ١٣٢٥ لە وەزارەتی داد و ئەندامانی ھەردوو لیژنەكەی وەزارەتی داد 1325 و پلانی ستراتیژی و هەروەها بەسەرپەرشتی خاتوو ئەمەل جەلال، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای خانمان و هەماهەنگکاری کاروباری بەرەنگاربوونەوەی تووندووتیژی ئافرەتان و راوێژکارانی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان (یۆنامی) لە هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی وەزارەتەکانی تەندروستی وکاروکاروباری کۆمەڵایەتی و پەروەردە و ناوخۆ و وەزارەتی کاروباری شەهیدان، بەڕێوەچوو.

دانیشتنەکە بۆ هەڵسەنگاندنی کارەکانی پێشووی لیژنەکانی وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وئەنجوومەنی باڵای خانمان لەو بوارەداو دانانی پلانێك بۆ جێبەجێكردنی بەیاننامەكە بوو، هەروەها خستنەڕووی کۆمەڵێک پێشنیازو راسپاردەی نوێ بوو بۆ نووسینەوەی پلانی کۆتایی تایبەت بە کارەکانی بەرەنگاربوونەوەی تووندووتیژی دژ بە ئافرەتان لە کاتی ململانێ چەکدارییەکاندا. 
لەوبارەیەوە وەزارەتی داد کە بە شاندێکی فراوان لە دانیشتنەکەدا بەشدار بوو، کۆمەڵێک پێشنیاز و راسپاردەی پێشکەش کرد، لەوبارەیەوە سەرۆكی لیژنەی 1325 لە وەزارەتی داد، دووپاتی لەوە کردەوە کە تاوانی لاقەكردن ( اغتصاب) بەپێی یاسای سزاکان وەکو تاوانێکی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، بەڵام هەمان تاوان لەکاتی شەڕو ململانێ چەکدارییەکاندا دەبێتە تاوانی جەنگ و رەهەندی نێودەوڵەتی وەردەگرێت، لەبەرئەوە چاوگێڕانەوە بە سیستمی یاسایی و یاساکاندا کارێکی پێویستە، ئاماژەی بەوەشدا دانانی داواکاری گشتی سەربازی لە هەرێمی کوردستاندا کارێکی پێویستە چونکە تا ئێسا نیمانە، ئاماژەشی بە چۆنێتی مامەڵەکردنی حکومەتی فیدراڵی بە غدا دا لەگەڵ بڕیاری ٢٣٧٩ کە لە ٢١-٩-٢٠١٧ دەرچوە. کە چۆن لەوەدا بەبێ گەڕانەوە و هەماهەنگی کردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان کارەکانی ئەو بڕیارە نێودەوڵەتییە دەکات، کە ئەوەش لەکاتێکدایە کە خاكی کوردستان مەیدانی سەرەکی زۆربەی ئەو ململانێیە سەربازییانە بووە کە ئەو بڕیارە نێودەوڵەتیانە باسیان کردووە، هەربۆیە پێشنیازی ئەوەی کرد تیمی هاوبەش هەبێت و لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەماهەنگی زیاتر هەبێت، داوای ئەوەشی کرد کە دەبێت قوربانییەکان لەبەر رۆشنایی یاساکان و جۆری تاوانەکان پۆلێن بکرێن.لەوبارەیەوە داوای هەموارکردنەوەی یاساکانی سزای عێراقی کردو وتی کە پێویستە هەندێک تاوان سزای تووندتری لەوەی ئێستای بۆ دابنرێت، یان ئەوەیە دەبێت یاسای نوێ دابڕێژرێت بۆ ئەوەی وەڵامدەرەوەی ئەو تاوانانە بن کە داعش ئەنجامیداوەو رەهەندی نێودەوڵەتیان هەیە،
 هەربۆیە گوومانی هەبوو کە ئەو داگە گەڕۆکانەی یۆنامی بەنیازە بەگەڕیان بخات بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر قووربانییەکانی دەستی داعش، بتوانن کارەکان بە دروستی ئەنجام بدەن، لەوبارەوە وتی : کە دەبێت داوای هاوکاری و کاری هاوبەش لەگەڵ دەزگە فەرمی و پەیوەندارەکانی هەرێمی کوردستان بکرێت، بەتایبەتی وەزارەتی دادو ناوخۆو ئەنجوومەنی دادوەری .
ھەرلەو چوارچێوەیەدا داوای کرد كە پێویستە چەندین خول بۆ ئەندامانی داواكاری گشتی و دادوەران ولێكۆلەرەوانی دادوەری و ئەفسەرانی پۆلیس و ئەندامانی لیژنە تایبەتمەندەکان بكرێتەوە، 
سەبارەت بە بەیاننامەی هاوبەشی نێوان وەزارەتی دەرەوەی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکانیش تایبەت بە نەهێشتنی توندوتیژی سێکسی لەکاتی ململانێ چەکدارییەکان و بەرگرتن لێیان، کە لە ٢٣-٩-٢٠١٦ ئیمزا کراوە .
ھەروەھا دادوەر بەدرەدین وتی : ئەو پلانەی كە بۆ جێبەجێكردنی بەیاننامەكە ئامادە دەكرێت، دوای ئەوەی لەلایەن یۆنامی و ئەنجوومەنی باڵای خانمانەوە پاكنووس دەكرێت، پێویستە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستانیشەوە پەسەند بكرێت و پاشان دەچێتە واری جێبەجێكردنەوە و ھەر وەزارەتە ئەرك و رۆڵی خۆی تێدا بزانێت و دیاربێت، واباشتریشە كە بلكێنرێت بە ستراتیژێتی نیستمانی پەرەپێدانی رەوشی ئافرەتان لە ھەرێم .

ناونیشان

ناونیشان: هەرێمی کوردستان-هەولێر

‌چواڕیانی فرنسوا میتران

 سۆسیال میدیا

پەیوەندی کردن

بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانتان سەبارەت بە هەر کارێکی پەیوەست بە وەزارەتی داد یا هەر فەرمانگەیەکی تری سەر بە وەزارەت دەتوانن پرسیارو داواکاری و سکاڵاکانتان لە رێگەی ئەم فۆرمەوە بنێرن

: iraq, irbil
: 2245580 - 2245507 - 2245506
  نامەکەت نەگەیشت.   نامەکەتە بەسەرکەوتووی گەیشت.
Top