وەزارەتی داد دانیشتنێكی راوێژكاری ئەنجامدا

08 كانون2/يناير 2019

چارەنوسی قانوونی ئەو منداڵانەی لەژێردەستی داعشدا لەدایكبوون، تاوتوێ كرا

 

رۆژی 23-12-2018، وەزارەتی دادی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بە ھاوبەشی لەگەڵ رێكخراوی تواناسازی ئافرەتان   –بەسەرپەرشتی و پاڵپشتی دارایی رێكخراوی - UN WOMEN  و بەئامادەبوونی ژمارەیەك لە دادوەران و یاساناس و مامۆستایانی زانكۆ، دانیشتنێكی راوێژكاری گرنگی ئەنجامدا كە بەم ناوونیشانە بوو : (( چارەنووسی یاسایی ئەو ژنانەی ھاوسەری داعش بوون لەگەڵ ئەو منداڵانەی لە باوكێكی داعشی لەدایك بوون)).

 

ئامانج لەو دانیشتنە كە لەلایەن لیژنەی بڕیاری 1325ی وەزارەتی داد سەرپەرشتی دەكرا، بۆ راوێژكردن بوو لەبارەی چارەنوسی ئەو منداڵانەی لەژێردەستی داعشدا لەدایكبوون لە باوكێكی داعشی نەناسراو و لە ئافرەتێكی عێراقی – كوردی ئێزیدی – یان ھەر ئافرەتێكی دیكەی عێراقی كە داعشەكان بەزۆر لەخۆیانیان مارەكردوون یان لە بازاڕەكاندا، بە پارە لە داعشێكی دیكەیان كڕیوەتەوە و لەئەنجامی ھاوسەرگیری كردن  منداڵیان لێخستوونەتەوە.

 

لە سەرەتای دانیشتنەكەدا سەرۆكی داواكاری گشتی لە ھەرێمی كوردستان دادوەر- ئازاد خۆشناو، وتەی وەزارەتی دادی پێشكەشكرد و ئاماژەی بە كاریگەرییە نەرێنییەكانی ئەو مەسەلەیە داو كە چۆن لە داھاتوودا چەندین كێشەی رەگەزنامە بۆ ئەو منداڵانە دروست دەبێت ئەگەر بێتوو، لە ئێستاوە، بیر لە دۆزینەوەی چارەسەرێكی قانوونی نەكرێتەوە بۆیان، لەوەدا ئاماژەی بە ھەردوو یاسای داواكاری گشتی و یاسای رەگەزنامەی عێراقی و یاسای ناكامان (قاصرین) دا كە دەتوانن لە چارەسەریەكاندا ھاوكاربن و كەڵكیان لێوەربگیرێت.

 

دواتر خاتوو دینا زۆربا وتەی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتوەكانی بۆ كاروباری ئافرەتان و خاتوو سۆزان عارف وتەی رێكخراوی تواناسازی ئافرەتانیان خوێندەوە، ھەریەك لە خاتوو دكتور - سەمیرە بابەتیكی بەناوی راوێژكارێتی ئاسایشی نیشتیمانی عێراقی و كامل ئەلزەیدی – بەڕێوبەری گشتی رۆژنامەی "وەقائیعی عێراقی " لە وەزارەتی دادی فیدراڵی و قاسم ئەلزاملی راوێژكاری یاسایی و سەرۆكی سكرتاریەتی تیمی نیشتمانی بڕیاری 1325 و گۆران عەبدولخالق بەرزنجی دادوەری یەكەمی دادگەی بەرایی خەلیفان، بابەتی پەیوەست بەو مەسەلەیەیان پێشكەش كرد.

 

ھەرلە چوارچێوەی دانیشتنەكەدا وتووێژ و راگۆڕینەوە لە نێوان ئامادەبواندا دروست بوو كە دادوەر بەدرەدین كەریم سەرۆكی لیژنەی وەزارەتی داد بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری 1325 بەڕێوەی دەبرد، لە كۆتایی دانیشتەنەكەشدا و بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو منداڵانەی كە ھەتا ئێستا بەڵگەنامەی لەدایك بوون و چەسپاندنی نەسەب و نفوسیان نییە، بەو ھۆیەوەی كە زۆربەیان باوكیان داعشی بووەو نەناسراوە یان داعشێكی بیانییە، ھەروەھا بۆ سەرلەنوێ شیاندنیان لەرووی سایكۆلۆژی و كۆمەڵایەتییەوە و ئامادەكردنیان لەناو كۆمەڵگەدا و دابینكردنی ژیانێكی ئاسایی و سەربەرزانە و زامنكردنی خوێندن بۆیان، ئامادەبووانی دانیشتنە راوێژكارییەكە، كۆمەڵێك راسپاردە و پێشنیازی گەڵالە كرد و لە رۆژانی داھاتوودا لە وەزارەتی دادەوە بۆ لایەنە پەیوەندارەكان، گشتگیر دەكرێت .

ناونیشان

ناونیشان: هەرێمی کوردستان-هەولێر

‌چواڕیانی فرنسوا میتران

 سۆسیال میدیا

پەیوەندی کردن

بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانتان سەبارەت بە هەر کارێکی پەیوەست بە وەزارەتی داد یا هەر فەرمانگەیەکی تری سەر بە وەزارەت دەتوانن پرسیارو داواکاری و سکاڵاکانتان لە رێگەی ئەم فۆرمەوە بنێرن

: iraq, irbil
: 2245580 - 2245507 - 2245506
  نامەکەت نەگەیشت.   نامەکەتە بەسەرکەوتووی گەیشت.
Top