شاندێكی وەزارەتی داد سەردانی بەلژیكای كرد

07 نيسان/أبريل 2019

لە سەرداوای نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە کاروباری مادە ھۆشبەرەکان و تاوان( UNODC)، شاندێکی حكومەتی ھەرێمی كوردستان كە لە  نوێنەرانی وەزارەتی داد و وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم پێكھاتبوو، لەگەڵ شاندێكی حكومەتی فیدراڵی بەغدا، بەھاوبەشی لە رۆژانی 17 تا 21 -3-2019 سەردانی شاری بروکسل – بەلژیكا-ی کرد، بۆ بەشداریکردن لە ۆركشۆپ و سەردانێکی مەیدانی بۆ شاری نموونەیی پێكەوەژیان و فرەنەژادیی و فرە ئاینی میكلین – لە ھەرێمی ئانتویرب - باكوری بەلژیكا، کە لە ژێر ئەم دروشمەدا بوو: رۆڵی   قانون و ھەماھەنگی پۆلیس و ھاوڵاتیان لە نەھێشتنی تاوان و توندووتیژی و تیرۆر.

شاندەکەی وەزارەتی دادی ھەرێمی کوردستان پێکھاتبوو لە: دادوەری داواکاری گشتی - بەدرەدین کەریم سەرۆکی لیژنەی 1325 لە وەزارەتی داد و نەریمان

تاڵیب وتەبێژی وەزارەت و بەڕێوبەری راگەیاندن و ئەندامی لیژنەی 1325 لە وەزارەتی داد.

لە خوارەوە راپۆرتێك لەوبارەیەوە بخوێننەوە ...

سەرەتا:
رێكخەرانی ۆرك شۆپەكە شاری میكلین یان ھەڵبژاردبوو، چونكە ئەو شارە، نموونەی پێکەوەژیانە لە ھەموو ئەورۆپا، گەنجێکی زۆر روو لەو شارە دەکەن، بەتایبەت لە مەغریب و لە سوریاوە - ئەو شارە بە فرەڕەنگی و ھەبوونی چەندین زمان دەناسرێتەوە، بەپێی ئامارە فەرمییەكان لەو شارەدا رێژەی بێکاری ساڵانە بەرەو دابەزینە، سەقامگیری کۆمەڵایەتی و ئابوری لەوەدا رۆڵی ھەبووە.
لە %49ی گەنجانی ئەوشارە سەبارەت بە فرەڕەنگی، ھەڵوێستی پۆزەتیڤیان ھەیە، لە %75.9 شانازی بەوەوە دەکەن کە ھاووڵاتی میکلانن، لەوێ متمانەیەکی زۆر بە پۆلیسی لۆکاڵی ھەیە، ساڵانە رێژەی تاوانکردن دادەبەزێت، 69 زمان لە میکلان ھەیە، ھەموویانن ئازدن چۆن پەرەی پێدەدەن، بەلام سێ زمانی سەرەكیش ھەیە، ئەڵمانی ، فرەنسی ، ئینگلیزی، لەوێ ھەموو 6 ساڵ جارێک ھەڵبژاردن دەكرێت، لە بەلژیكا لە باكور بە ھۆڵەندی قسە دەكەن، لە خواروییەوە بە فرەنسی قسە دەكەن،لە خۆرھەڵاتەوە بە ئەڵمانی، لە برۆكسل تێكەڵە، لە تەواوی بەلژیكیا 300 دەسەلاتی لۆكاڵی ھەیە .
ئەوان دەڵێن لە میکلان دا یەک کۆمەڵگە ھەیە و دەیانەوێت بە بەشداریکردن و ھاوبەشیكردن و فرە رەنگی کۆمەڵگە ھاوبەشەكەیان بپارێزن و ھەوڵ دەدەن جیھان شوێنێکی باشتر بێت بۆ ھەمووان.
یەکەمین دانیشتنی ۆرك شۆپەكە لە رۆژی 18/3/2019 لە ھۆڵی شارەوانی میكلان بوو:
پاش رێوڕەسمی یەكتری ناسین، ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی، بە ژمارە و داتا، كورتەیەكیان لە كارو دیدگەی خۆیان بۆ بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی كراوە خستەڕوو، كە لەم تەوەرانە پێكھاتبوو: رۆڵی دەسەڵاتە لۆكاڵییەكان لە رێكخستنی كۆمەڵگە و لە پرۆسەی سیاسی و دروستكردنی بڕیارەكاندا، پێشكەشكردنی زانیاری لە بارەی پرۆژەكانی بواری سیاسەتی كۆمەڵایەتی و سەلامەتی گشتی كە بابەتەكانی ھەژاری و ناسنامە و ھاوكاری قوتابخانەكان و پاسەوانانی مەدەنی و پۆلیسی كۆمەڵایەتی بوو.
کۆی قسەی بەرپرسانی ئەو شارەوە لەوە تێگەیشتین کە ئەوان لە رێگەی چەندین پرۆگرامی جیاجیاوە ئەو کۆمەڵگەیەیان دروست کردووە، لە پلەی یەكەمدا بایەخیان بە پەروەردە و قوتابخانەكان داوەو پەیامی پێكەوەژیان و پاراستنی مافەكانی مرۆڤیان چەسپاندووە، پەیوەندییەكی نەرم و دۆستانەیان لە نێوان ھاوولاتیان و دەزگەكانی پۆلیس دروست كردووە، لە رێگەی پاڵپشتی زمان و پەروەردە و دەسپێشخەریە فەرمی و نافەرمیەکانەوە ئەو کارەیان کردووە. بەتایبەت کە خوێندن لەوێ ئیلزامییە. قانون رۆلێکی زۆری ھەیە بۆ ئەوەی ئەو دیدگایەی ئەوان بۆ فرەیی و فرەرەنگی و فرە دەنگی جێبەجێ بکرێت، ئەوان دەیانگووت کە زۆرلە مێردمنداڵەکان لە رووی کۆمەڵایەتییەوە نەرم نین، بەڵام پرۆگرامی مەشق پێدانیان ھەیە بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە چارەسەربکەن، ھەوڵدەدەن گەنجەكان ئارام بكەنەوە، بەتایبەت كە زۆربەی ئەو گەنجانە لە نەژاد و ئاینی جیاوازن، بەڵام بەھۆی ئەو پرۆگرام و مەشقانەوە وایان لێکراوە کە ببنە ھاوڵاتییەکی پۆزەتیف و بڕوایان بە پێکەوە ژیان ھێناوە و متمانەیان بە پۆلیس و یاسا پەیدا کردووە و پۆلیسی جفاکی رۆڵێکی مەزن دەگێڕێت لەو بارەیەوە بەمەبەستی ئارامكردنەوەی گەنجان زۆر ناوچەیان خاڵی کردووە لە ئۆتۆمبێل .
سزای مەدەنی ھەیە، شارەوانییەكان یاساکان جێبەجێ دەکەن، گەنجەکان و ھاوڵاتیان، ھاوکاری پۆلیس دەکەن و پەیوەندییەكی باش لە نێوان پۆلیس و دەزگەکانی دیکەدا ھەیە .

*ئێوارەی رۆژی یەكەم سەردانی ناوەندی پۆلیسی شاری میكلان مان كرد:
سەرەتا بەرپرسی یەكەمی ناوەندی پۆلیسی میكلان كورتەیەكی پێشكەش كرد و كۆمەڵێك زانیاری لە بارەی پێكھاتەی پۆلیس وھەماھەنگی نێوان پۆلیسی لۆكاڵی و پۆلیسی فیدراڵی لە برۆكسل خستەڕوو، باسی ئەوەی كرد سەرۆكی پۆلیس بۆ ماوەی 5 ساڵ لەپۆستەكەیدا دەمێنێتەوە دواتردەبێت بگۆڕدرێت، جاران ھەرناوچەیەك پۆلیسی خۆی ھەبوو، بەڵام لە 2001ەوە یەكخراوە وھەموویان بە پێی یەك پلان و ستراتیژی ئەمنی نیشتیمانی و لە چوارچێوەی یەك پێكھاتەدا كاردەكەن، لە پرانسیپی سەرەكی ئەوان، دەستپاكییە و ئاماژەیان بەوەكرد كە ھەماھەنگی تەواو ھەیە لەنێوان پۆلیسی دیدراڵی و پۆلیسی ھەرێمەكان و شارەكان، وتی: لە میكلان 183 یەكەی پۆلیس ھەیە، لە نێوان سەرۆكی شارەوانی(كە 6ساڵ دەمێنێتەوە و سەرۆكی پۆلیس(كە 5ساڵ دەمێنێتەوە) و ھاووڵاتیاندا ھەماھەنگییەكی تەواو ھەیە، بە جۆرێك لە گەرەكەكاندا ھاوولاتیان بوونەتە بەشێك لە پاراستنی ئارامی و ئاسایش، پرسایری ئەوەمان كرد كە ئایە بیانییەكان دەتوانن ببن بە پۆلیس، ئەوان وتیان بەڵێ زۆر لە بیانییەكان پۆستی گرنگیشیان وەرگرتووە، باسی مەرجەكانی بوون بە پۆلیسیان كرد یەكەم جار وتیان دەبێت بڕوانامەی زانكۆی ھەبێت، دواتر دوو ساڵ بخوێنێت و زیرەك بێت و دەبێت توانای خۆی بسەلمێنێت، زمان بزانێت،ئەوان زۆر بایەخیان بە رۆڵی پۆلیسی كۆمەڵایەتی دەدا، كە نزیكن لە خەڵكەوە و ھەوڵی چارەسەركردنی كێشەی نێوان ھاولاتیان و دەزگەكانی حكومەت دەدەن و لەناو گەرەكەكاندا بە ماتۆڕ دەسووڕێنەوە و خۆشیان خەڵكی ھەمان گەڕەكن و یەك بە یەكی خەڵكەكە دەناسن، لە میكلان 700 پۆلیس ھەیە و 22 داواكاری گشتی ھەیە، بۆ ھەر 4000 ھاولاتی یەك پۆلیسی كۆمەڵایەتی ھەیە. (پۆلیسی كۆمەڵایەتی دەبێت خۆی وا خۆشەویست بكات لەناو ھاوولاتیاندا تا ھاووڵاتیان متمانەی پێ بكەن،دەبێت وەكو ھاوڕێی خۆیان تەماشای بكەن، لەگەڵ گەرەكەكاندا پەیوەندی باش و متمانە دروست بكەن،بتوانێت تیمی ناوبژیوان دروست بكات)، ئەوان دەیانگووت، چەند زانایری زیاتر لەسەر گەڕەكەكان ھەبێت،كۆنتڕۆڵ باشتر دەكرێت وچارەسەری كێشەكانیش باشتر دەكرێت. یاسا بەسەر ھەمووان دا جێبەجێدەكرێت و ھەموو رێكارێكیش دەبێت بە مۆڵەتی دادوەر بێت،ئەوان كەڵكێكی زۆریان لە كامێرای چاودێری سەر شەقامەكان وەرگرتووە، كا،ێراكانیان كواڵیتی زۆر بەرز بوو، ھەمو دووساڵ جارێك كامێراكان دەگۆڕدرێن.
باسیان لەوە كرد لەناو خەڵكی موسڵماندا، تاوانی تووندوتیژی دژی ژنان و منداڵان ھەیە، بەڵام سەركەوتنی ئیشەكانیان لەوەدا دەبینیەوە كە ئەوان وەكۆ پۆلیس لەگەڵ رێكخراوە مەدەنییەكن و ھاولاتیان وەكو یەك گرووپ لە رێگەی قانوونەوە كاردەكەن،لەكاتی كێشەكاندا وەكو یەك خێزان چارەسەر بۆ كێشەكان دەدۆزنەوە. یەكەی ئاڵوگۆڕی ئەمنی ھەیە، ھەموو مانگێك كۆدەبنەوە زانیاری ئاڵوگۆڕ دەكەن و شرۆڤەی دەكەن و بڕیار لەسەر ھەڕەشەكان دەدەن .
*لەكۆتایی ئەو رۆژەدا ھەر لە ھۆڵی شارەوانی میكلان، لە ئاھەنگێكی بچووكدا لەگەڵ كۆمەڵێك لە ھاووڵاتیانی عێراقی دانیشتووی میكلان باری سەرنج و بیروڕامان ئالوگۆڕكرد، سەبارەت بە چۆنێتی كەڵك وەرگرتنی عێراق و ھەرێمی كوردستان لە ئەزموونی پێكەوە ژیان و فرەیی، بیروڕا ئاڵوگۆڕ كرا، ئێمە وەكو شاندی ھەرێمی كوردستان بیری ھەموو لایەكمان خستەوە كە گیانی لێبوردەیی و سیاسەتی پێكەوەژیان و رێزگرتن لە فرە نەتەوەیی و فرە ئاینی دەمێكە لەلایەن سەركردایەتی سیاسی كوردستان و حكومەتی ھەرێمی كوردستانەوە پەیڕەوی لێدەكرێت و دەمێكە بڕیاری ئەوە دراوە كە وشەی كەمە نەتەوەیی بۆ نەتەوە براكانی دیكەی ناو كوردستان بەكارنەھێنرێت و باسمان لەوە كرد كە ھەرێمی كوردستان لە پاش شەڕی سوریا و داعشەوە، نزیكەی دوو ملێۆن ئاوارەی شوێنەكانی دیكەی عێراق و پەناھەندەی سوریای وەگرتووە و داڵدەی داوون، ھەرێمی كوردستان ھەمیشە لانەی ئارامی كریستیانەكانی دیكەی عێراق بووە كە بەھۆی شەڕی ئاینی و تایفییەوە ئاوارە دەبوون، جالییەی عێراقی بە بایەخەوە دووپاتیان لەو رۆڵەی ھەرێمی كوردستان كردەوە و سوپاسگوزاری خۆیان نیشاندایەوە .
رۆژی دووەم : 19/3/2019
لەشاری برۆكسل پایتەختی بەلژیك سەردانی یەكەی ھەماھەنگی تایبەت بە ھەڵسەنگاندنی ھەڕەشەكانمان كرد ((OCAD، كورتەیەك لە ناوەندەكەو چۆنێتی كاركردنی لەگەڵ دەسەلاتە لۆكاڵییەكان خرایە ڕوو، دواتر، سەبارەت بە پێكاھاتە و چۆنێتی كاركردنی ناوەندی قەیرانەكانیش، باسێكیان پێشكەش كردین :
یەکەی ھەماھەنگی تایبەت بە ھەڵسەنگاندنی ھەڕەشەکان بوو، لەوێ بابەتێک پێشکەش کرا لە بارەی چۆنێتی کارکردنی ئەو یەکەیە و مامەڵە و ھاوکاریان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی لۆکاڵی شاری میكلان، کورتەیەکمان لەبارەی ئەو ناوەندەوە پێشکەش کرا.
راستە دەزگەیەكی پۆلیسییە،بەڵام ھێزی نییە، بەڵكو ئەركەكەی تەنیا شرۆڤەكردن و ھەڵسەنگاندنی زانیارییەكانە، ئەركی سەرەكی ھەڵسەنگاندن و شیكاركردنی ھەڕەشەكان و سەرچاوەكانی ھەڕەشەكانە،پێشتر لەھەر شارێكدا یەكەیەكی سەربەخۆ ھەبووە بەڵام دواتر بە قانوون خراونەتە ژێر یەك بەڕێوەبردنەوە، لە رێگەی چەند قانوونێكیشەوە، چوارچێوەی قانوونی بۆ دانراوە، بە پێی قانوون كیوتا، لە ھەموو سەرچاوەكانەوە لە ھەموو وەزارەت و دەستە فیدراڵی و ھەرێمایەتییەكانەوە زانیاری بۆ دێت و كۆی دەكاتەوە، لەبارەی چەكدارە بیانییەكان و تیرۆریستەكانی بیانی و لۆكاڵی و لەبارەی مەفرەزە بچووكەكانی تیرۆر، لەوێ ھەموو ئەو مەترسیانە ھەڵدەسەنگێنرێت كە بە تیرۆرەوە تایبەتن، ھەموو ئەو مەترسیانە ھەڵدەسەنگێنین كە لە تاكەكەسانەوە دێن یان لە دەزگا و كەسانێكەوە دێن كە پڕوپاگەندەی رقوكینە بڵاودەكەنەوە، ئەنجوومەنی ئاسایشی دەوڵەت، دەتوانێت بڕیار بدات دەستبەسەر ماڵی ئەو كەسانەدا بگیرێت كە ھاووڵاتی بەلژیكیین بەڵام چوون لە سوریا یان ھەرشوێنێكی دی بوونەتە چەكداری داعش یان (رێكخراوە تیرۆریستییەكان)، ئەگەر گوومان لە كەسێك كرا كە بە نیازە سەفەربكات بۆلای ئەوان و بەڵگە ھەبوو، ئەوا بە بڕیاری ئیداری پاسپۆرتی ئەو كەسە دەستی بەسەردا دەگیرێت بەڵام رەگەزنامەی لێناسەنرێتەوە، ئەو كەسە دەشتوانێت لە بەرانبەر دادگەكاندا، تانە لەو بڕیارە بدات .
ئەم دەزگەیە تەنیا، زانیاری كۆدەكاتەوە، 80 كەس لەوێ كاردەكات ھێزی سەربازیان نییە، تەنیا لەگەڵ زانیارییەكاندا مامەڵە دەكەن، داواكاری گشتی ھەموو لێكۆڵینەوەكان دەكات، چەندین دەزگە ھاوكاری یەكتری دەكەن لەوانە : نووسینگەی كۆچ و كۆچبەران. 2- وەزارەتی دەرەوە. 3-نووسینگەی خزمەتگووزارییە گشتییەكان. 4-وەزارەتی داد- فەرمانگەی كاروباری خواپەرستی. 6-ناوەندی قەیرانەكان .
لەوێ وەزارەتی داد چاودێری خانەكانی خواپەرستی دەكات بۆ ئەوەی دڵنیا ببێتەوە لەوەی كە لەو شوێنانەدا تەنیا كاری عیبادەت دەكرێت و نەبوونەتە ناوەندێك بۆ چالاك كردنی تیرۆر و بڵاوكردنەوەی گووتاری تووندووتیژی و گووتاری رقو كینە، ئەوە بۆ ھەموو ئاینەكانە نەك تەنیا ئیسلام .
ئەوان لایەنێكی سەربەخۆن سیاسییەكان دەس وەرنادەنە كارەكانیانەوە،
لە تەواوی بەلژیكیا 556 چەكداری بیانی چووبوونە ریزی رێكخراوە تیرۆریستییەكانەوە .
-لە بەلژیكیا 170 منداڵ ھەنە كە تەمەنیان لە خوار 12ساڵەوەیە و باوكیان داعشی بووە.
130 كەس لە عێراق و سوریا گەڕاونەتەوە .
120 لەوانەی بۆ بەلژیك گەڕاونەتەوە ئێستا لە زیندانن.
50 یان لە زیندانن و 60 كەسیشیان بە مەرج ئازاد كراوون .
بە پێی قانوونی بەلژیكی، ھەر منداڵێك یان كەسوكاری تیرۆریستەكان، لە سەروو 12 ساڵەوە دەخرێنە ژێر چاودێرییەوە، ئەگەر ساخ بۆوە كە لەوانەیە ببنە سەرچاوەیەك بۆ ھەڕەشە .
-ئەوان پێیان وابوو كە بنەبڕكردنی تیرۆر پێویستی بە ھەوڵێكی جیھانی ھەیە، با شوێنەكانیش لەیەكەوە دووربن، ئەوان پێیان وایە جێبەجێكردنی قانوون لەو حاڵەتانەدا دەبیت لەسەر ئاستی تاكەكەس جێبەجێ بكرێت، واتە كەسووكاری چەكدارێكی داعش كە خۆی لە عێراق و سووریایە و كەسووكارەكەی لێرەیە، ھیچ رێكارێكی یاسایی یان ئیداریان لەبەرانبەر وەرناگیرێت، ھەتا ئەوكاتەی كە ئەوان ھەوڵی چوونە دەرەوە بۆ عێراق و سووریا دەدەن، ئەوكاتە تەنیا پاسپۆرتیان لێوەردەگیرێتەوە بە شێوەیەكی كاتی و چاودێریان دەكرێت .
-لە بەلژیكا سەرۆكی فەرمانگەكان كۆبوونەوەی مانگانەیان ھەیە لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاسایشی دەوڵەت .
لە دانیشتنی ئێوارەی رۆژی دووەمدا سەردانی دەزگەی فلامش بۆ دەسەڵاتی لۆكاڵی و شارەوانیمان VVSGكرد، :
كە بریتی بوو لە تۆڕێكی پالپشت بۆ حكومەتە لۆكاڵییەكان لە چەندین بواری جۆراوجۆردا،لەوانە:دیاردەی توندڕۆیی و بەرگرتن لە توندوتیژی رادیكاڵی(PVE ) و بنەبڕكردنی توندڕۆیی تووندووتیژی(CVE )، بابەتێك لەبارەی دیاردەی توندڕۆیی لە ھەرێمی فلامینكی (زۆرینە ی ھۆڵەندی) – بەلژیكا، پێشكەش كرا، بابەتی دووەمیش بەناونیشانی (پرۆژەی جۆراوجۆری كۆمەڵایەتی خۆپارێزی بۆ بنەبڕكردنیتوندڕۆیی تووندووتیژ، بوو .
دەزگەی فلامش، نموونەی دەزگەیەكی كۆمەڵگەی مەدەنی بوو كە ھاوكاری شارەوانیەكلان ودەزگەكانی پۆلیسی دەكرد، لە رێگەی چالاكی مەدەنییەوە ھاوكاری كۆمەڵگە بوو بۆ دووركەوتنەوە لە فكری توندڕۆیی و سەلەفی و، دوورخستنەوەی گەنجان لە باوەشی رێكخراوە تیرۆریستییەكان، لەوێ بایەخێكی زۆریان بە كاری میدیا و بەرھەمھێنانی ریكلامی گۆرانی و مۆسیقا و وتاری پیاوانی ئاینی میانڕۆ دابوو، تا لە رێگەیەوە گەنجان لە عەقلی توندڕۆیی دووربخەنەوە.
-ئەو دەزگەیە نموونەی سەركەوتووی ھەماھەنگی نێوان دەسەڵاتدارانی لۆكاڵی و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنییە، ئەوان بوونەتە پرد لە نێوان دەسەڵاتداران و ھاوڵاتیاندا، ھانی ھاوڵاتیان دەدەن لە پرۆژە ھاوبەشەكاندا بەشداری بكەن، یەك لە پلانەكانیان بریتییە لە چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ توندڕۆییدا، لەوێ ناسنامە زۆر ھەیە، بەڵام كاری ئەم جۆرە رێكخراوانە بریتییە لەوەی چۆن ئەو خەڵكە فرە نەژاد و فرەناسنامەیە بەیەكەوە بژین ، چۆن وابكرێت بیانییەكان وەكو بەلژیكییەكان بژین و بیربكەنەوە و ھەڵسوكەوت بكەن و شتە راستەقینەكان و شتە چەواشەكارەكان لەیەكتری جیابكەنەوە،بەلژیك بە وڵاتی خۆیان بزانن، ئەوەش لەرێگەی ھەندێك رێوشوێنەوە ئەوكارەیان كردووە:
-كەناڵێك ھەیە لە رێگەیەوە وەڵامی ھەموو كەسێك دەدرێتەوە كە لەبارەی ئاین و ئیسلام و ھەر فكرێكی دیكە پرسیار دەكات
-رێوشوێن ھەیە بۆ پاراستنی تاكەكەسان لە فكری توندڕەویی .
-ھێڵی گەرم ھەیە بۆ دایكان و باوكان بۆ ئەوەی لەبارەی كێشە جۆراوجۆرەكانی منداڵەكانیان و گەنجەكانیان ھەموو پرسیارێك بكەن، لە چارەسەركردنی ئەو كێشانەشدا یارمەتی دایك و باوكان دەدەن. بۆ نموونە پرسیاری ئەوە لە دایك و باوكان دەكرێت : ئایە ھەستتان بەوە كردووە كە ھەندێك ئاماژە لەلای گەنجەكانتان ھەیە كە نیشانەی ئەوەبن كە بەرەو فكری توندڕۆیی دەچن؟
-كۆكردنەوەی پاڵپشتیكارانی لۆكاڵی بۆ پلان و دیدەكانیان.
-بایەخدان بە راگەیاندن و دروستكردنی فیچەر و كلیپ و فەواسڵی ریكلامی كە پاڵپشتن بۆ فكری كرانەوە و ئازادی و پێكەوە ژیان و یەكتری قبووڵ كردن و دووركەوتنەوە لە فكری توندڕۆیی .
بۆ نموونە قەسیدەیەكی مەحموود دەروێشی شاعیری فەلەستینی بەناوی ریسالە ئیلا ئومی، كرابووە كلیپ، كەباس لە خۆشەویستی نیشتیمان دەكات، وتاربێژێكی میانڕۆی ئاینی بەناوی محەمەد رەشیدی، وتارەكانی بە شێوەیەكی فراوان بلاو دەكرێتەوەو خۆی سەردانی قوتابخانەكان دەكات و وەڵامی پرسیاری ھەموو قوتابیان دەداتەوە لە بارەی ھەر شتێك پەیوەندی بە ئاینی ئیسلامی و حوكمەكانییەوە ھەبێت .
-ئەوان ھەوڵدەدەن یەكگرتوویی كۆمەڵایەتی، پتەوتربكەن و دیمەنێكی زاتی جوان و سەركەوتووی خۆیان بۆ گەنجەكان وێنا بكەنەوە،
سەبارەت بە پرسایرێكی ئێمە لەوەی كە بۆچی ھەندێك لە گەنجانی بەلژیكی وێڕای ژیان لە وڵاتێكی وەك بەلژیكا، بەڵام دێن دەبنە چەكداری داعش؟ ئەوان باسی چەندین ھۆكاریان كرد وتیان:
-لاوازی یەكگرتوویی كۆمەڵایەتی ھۆكارێكە و كەوتنەژێركاریگەری دیمەنی جوان و سەرنجڕاكێشی شەڕكەرێكی شۆڕشگێڕ لە دژی دیكتاتۆرێكی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست ھۆكارێكی دیكەیە،بۆ نموونە لە سەرەتاوە شەڕكردن لە دژی بەشار ئەسەد، سەرنجراكێش بوو. باسیان لەوەش كرد، ھەندێك لەو گەنجانە لێرە بە ئەزموونی شكستخواردوودا تێپەڕیوون، چونكە ئەو رێكخراوە تیرۆریستیانەی وەك داعش دەچن دەگەڕێن بە دوای ئەو لاوانەی كە لاوازن. یان خوێندنیان بۆ تەواو نەكراوە یان پاشخانی تاوانكاریی و مانەوەیان ھەبووە لە زینداندا. ھەندێكیشیان كە چوون بۆ عێراق و شام لە بەلژیكا ئەزموونی تاوانكاریان ھەبووە . یان لە خوێندن فاشیل بوون .یان چوون بۆ پێشكەشكردنی ھاوكاری مرۆیی بەلام لەوێ رێگەیان لێ ون بووە.
ئەوان ھەوڵ دەدەن ئەو گەنجانە بەھێز بكەنەوە و لەناو كۆمەڵگەدا چالاكیان بكەنەوە و لە فكری توندڕۆیی دووریان بخەنەوە .
رۆژی سێیەم: 20/3/2019، دیداری سەرۆكی شارەوانی میكلان :
لە رۆژی سێیەمی سەردانەكەدا، بۆ شاری میكلان گەڕاینەوە و لەوێ لە ھۆڵی شارەوانی دا، لەگەڵ سۆمەرز - سەرۆكی شارەوانی میكلان و ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی، كۆبووینەوە و دواتر، بابەتێكمان پێشكەش كرا بەناونیشانی ، پرۆژەی پۆلیس و مافەكانی مرۆڤ، تیایدا باس لە گرنگیدانی پۆلیس بە مافەكانی مرۆڤ كرا لەكاتی جێبەجێكردنی ئەركەكانی سەرشانیان لە بەرانبەر ھاووڵاتیاندا.
لەسەرداوای شاندی وەزارەتی داد، داواكاری گشتی شاری میكلن (ڤان بروسلیس) سەردانی كردین و، چەندین بابەتی پەیوەست بە داواكاری گشتی لە ھەرێمی كوردستان و لە ھەرێمی ناوبراو باسی لێوەكراو، بۆ پرۆژەی ئایندەش چەندین بۆچوون خرایەڕوو .
سەرەتا سەرۆكی شارەوانی میكلان، لە وتەیەكیدا دیدی خۆی بۆ ئەو سەركەوتنەی شارەكەی لە پێكەوە ژیان و برەودان بە كولتووری فرەڕەنگی خستەڕوو، وتی:
(پۆلیس بەیەك چاو سەیری ھەموو ھاوڵاتیەك دەكات، یارمەتیدان، ئەركی ھەموو كەسێكە، ئەو دایك و باوكانەی كە منداڵەكانیان كاری تاوان و ئیشی خراپیان دەكرد، پێمان گوتن، ئەگەر منداڵەكانتان كۆنتڕۆڵ نەكەن، ئەوا قانوون دەیانخاتە زیندانەوە، لەسەر شەقام ژینگەیەكی خراپ ھەبوو، ئێمە چووین ژینگەكەمان گۆڕی و پاكمان كردەوە، چوویین بەرپرسیارێتیمان بە خەڵك دا، ئەوانمان كردە بەشێك لە پاراستنی كۆمەڵگە و كۆڵان و شەقامەكان، ئەگەر خەڵك بەرپرسیارێتی ھەڵگرت، ئەوكات ئیتر یاساكان بە ئاسانی جێبەجێ دەكرێن، بەرپرسیارتیمان داوە بەوكەسانەی كە خەڵكی ھەمان شار و گەڕەكن و لای ئەوان ناسراوون و ھاوڕێی ئەوانن،(پۆلیسی جفاكی) مان دروست كردووە.
سیاسەتی جفاكی ئێمە دروست كردنی ژینگەیەكی پۆزەتیڤە، دەبێت بزانرێت كێن ئەوانەی تاوان دەكەن؟ بۆ ھەموو كەسێكمان روون كردۆتەوە كە ئێمە تەنیا دژی ئەوكەسانەین كە تاوان دەكەن، مەترسیدارترین سیاسەت ئەوەیە كە تۆ خەڵك لەسەربنەمای پلەیەك و پلە دوو پۆلێن بكەیت و جیایان بكەیتەوە؟ ئەگەر جیاكاریت كرد ئەوكات دەرگەی ئەوە دەكەیتەوە بۆ ئەوەی گوتاری توندڕۆی دروست ببێت،دەبێت لە خەڵك تێبگەین دەبێت قسەیان لەگەڵدا بكەین، ئەوكات دەتوانین ژینگەیەكی باش دروست بكەین، ھەركاتێك ناخ و عەقڵ گۆڕدرا، ئەوكات دەتوانیت ھەموو شتێك بگۆڕیت. زۆر گرنگە فرەرەنگی و فرەدەنگی قبووڵ بكەین).
بەڕێز بەدرەدین كەریم،ئەندامی داواكاری گشتی وسەرۆكی شاندەكەی ھەرێمی كوردستان، لە وتەیەكدا، بەناوی شاندەكەوە، سوپاسی شارەوانی میكلان و رێكخەرانی ئەو ۆرك شۆپە و لایەنە ھاوبەشەكانی كرد و، كورتەیەكی لەسەر رۆڵی ئازایانەی پێشمەرگە لە بەزاندنی داعش و رێكخراوە تیرۆریستیەكانی دیكە خستە ڕوو، كورتەیەكی مێژوویی لەسەر جووگرافیاو پێكھاتەی دانیشتوانی و فرە نەتەوەیی و ئاینی خەڵكی كوردستان خستە ڕوو كە چۆن لە كوردستاندا، گووتاری پێكەوەژیانو لێبوردەیی وایكردووە ھەریەك لە نەتەوەكانی كوردو توركمان و عەرەب و ئاشووری و كلدان و ئەرمەنە كان ئاینەكانی ئیسلام وكریستیانو ئێزیدی و سائیبی و جولەكەو زەردەشتی وەكو برا بەیەكەوە بژین،كە چۆن لە پاش ھێرشەكانی داعشەوە، ھەرێمی كوردستان بووە لانەی نزیكەی دوو ملێۆن ئاوارەی ناوخۆو دەرەوەی عێراق، ھەروەھا كورتەیەكی مێژوویی لەبارەی ئەو تاوانانەوە خستە ڕوو كە رژیمەكانی پێشوویی عێراق لەدژی گەلی كوردستان ئەنجامی داوە، بەتایبەت لە نێوان سالانی 1977 تا 1989 دا لە چەند ھێرشێكی سەربازی بەرنامەكراودا، بەناوی ئەنفالەوە، سەدان ھەزار خەڵكی مەدەنی قڕكردووە، تەنیا لەبەرئەوەی خەڵكی كوردستانن،لە 16/3/1988یشدا بە چەكی كیمیایی شاری ھەڵەبجەی بۆمباران كردوو بەھۆیەوە زیاتر لە 4 ھەزار خەڵكی مەدەنی لەناوبراوون .
لە دوا ئێوارەی ھەمان رۆژدا، سەردانی مۆزەخانەی تاوانەكانی ھۆلۆكۆست و مافەكانی مرۆڤمان كرد لە شاری میكلان . لەگەڵ بەسەركردنەوەدا لە بارەی بایەخی ئەو مووزەیادەوەرییە زانیاری بە ئەندامانی شاندەكە درا، مۆزەخانەكە بە باشترین تەكنەلۆجیا و رێوشوێنی ھونەری جوان، تاوانەكانی ساڵانی 1942تا 1945ی نازییەكانیان لە دژی جولەكە و خەڵكی بەلژیكیا، خستۆتەڕوو، نەك تەنیا ئەوان، بەڵكو مۆزەخانەكە چەندین بەشی تەرخان كردووە بۆ ئەو تاوانانەی دیكە كە رژیمە فاشی و نەژادپەرست و دیكتاتۆرەكانی دیكەی جیھان لە سەدەی رابردوودا، لە دژی ئازادیخوازان ئەنجامیان داوە، لەوێ قوربانیانی دەستی جیاكاری نەژادی و جیاكاری رەنگی پێست و جیاكاری بیروباوەڕ، خرابوونە روو، تەنیا دیمەنی ئەو تاوانانەی لێ نەبوو كە رژیمەكانی پێشووی عێراق لە دژی گەلی كوردستان (بە كورد و توركمان و كریستیانە ئاشوری و كلدان و ئەرمەنەكان و ئێزیدیەكان)، ئەنجامی دابوو،ھەربۆیە یەكەمین داواكاری ئێمە بریتیە بوو لەوەی كە ئەو بۆشاییە پڕبكەنەوە، لە درێژەی راپۆرتەكەمان بۆ شارەوانی میكلن، لەوبارەیەوە چەند پێشنیازێكمان خستە ڕوو .
لە كۆتایی سەردانەكەشدا، ھەردوو شاندی ھەرێمی كوردستان و عێراقی فیدراڵ، راپۆرتێكی ھاوبەشمان بە زمانی عەرەبی پێشكەش بە شارەوانی میكللان كرد و چەندین پێشنیازی بنیاتنەرانەمان بۆ خستنە ڕوو كە لە خزمەتی ئێمە و ئەوانیشدا بوو.

 

ناونیشان

ناونیشان: هەرێمی کوردستان-هەولێر

‌چواڕیانی فرنسوا میتران

 سۆسیال میدیا

پەیوەندی کردن

بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانتان سەبارەت بە هەر کارێکی پەیوەست بە وەزارەتی داد یا هەر فەرمانگەیەکی تری سەر بە وەزارەت دەتوانن پرسیارو داواکاری و سکاڵاکانتان لە رێگەی ئەم فۆرمەوە بنێرن

: iraq, irbil
: 2245580 - 2245507 - 2245506
  نامەکەت نەگەیشت.   نامەکەتە بەسەرکەوتووی گەیشت.
Top