وەزیری داد فەرمانگەی دادنوسی دووەمی ھەولێری بەسەركردەوە

19 كانون1/ديسمبر 2019

وەزیری داد: ئەگەر ھاولاتیان نەبوونایە من نەدەبوومە وەزیر، ماوەی دەوامكردنم موڵكی خۆم نییە بەڵكو موڵكی ھاولاتیانە .

وەزیری داد: ناو و ئامانجی وەزارەتەكەمان داد و دادپەروەرییە، جێبەجێكردنی دادپەروەریی ئەركی ئێمەیە . 

وەزیری داد: ھەیكەلی وەزارەتی داد، دادەڕێژینەوە بە شێوەیەك وەڵامدەرەوەی پێداویستییەكان و باشتركردنی خزمەتگوزارییەكان بێت.     

ئەو قسانەی وەزیری دادی ھەرێمی كوردستان، فەرسەت ئەحمەد، لە كاتی سەردانیكردنیدا بوو بۆفەرمانگەی دادنوسی دووەمی ھەولێر،كە بە بەمەبەستی لە نزیكەوە  ئاگاداربوون لە بەڕێوەچوونی كاروبارەكانی دادنوسی، سەرلەبەیانی رۆژی پێنج شەمە 19-12-2019 ؛ فەرسەت ئەحمەد وەزیری دادی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، بەیاوەری دادوەرعەبدولرەحمان حەمە كەریم بەڕێوبەری گشتی داد و نەریمان تاڵیب وتەبێژی وەزارەتی داد، فەرمانگەكەی بەسەركردەوە.

دادنوسی دووەمی ھەولێر یەكێكە لەو دامودەزگا دادییانەی كە 10 دادنوس لە خۆدەگرێت و رۆژانە 300 تا 400 مەمەڵەی ھاوڵاتیان بەڕێوەدەبات، و لە ئێستادا بەڕێوەچوونی كارەكان تیایدا بەئەلەكترۆنی كراوە و ھەنگاوەكانی ئەنجامدانی كارەكانی دادنوسی لە رێگەی سیستمێكی ئەلەكترۆنییەوە بەڕێوەدەچێت و لەچاو سیستمە كۆنەكە، ئێستا كارەكان خێراتر ئەنجام دەدرێت و ھاولاتیان رزگاركراون لە رۆتین و دواكەتنی مامەڵەكانیان و زامنی تەواوەتی بەڵگەنامەكان كراوە تا دووربن لە فەوتان و لە تەزویر كردن.

 لەوسەردانەیدا وەزیری داد لە نزیكەوە سیستمەكەی بەسەر كردەوە و، راستەوخۆ پرسیاری باشی و خراپی سیستمەكەی لە ھاولاتیانی سەردانیكاری دادنوسی 2ی ھەولێر دەكرد، گوێی لە راوبۆچوونی ھاولاتیان گرت كە زۆربەیان ئاماژەیان بە پاكو خاوێنی و ئارامی شوێنەكەدا و دووپاتیان لەوەكردەوە كە لە چاو جاراندا موعامەلەكانیان خێراتر ورێكوپێكتر و ئاسانتر تەواو دەكرێت، ھەندێكیشیان باسیان لە بڕی ئەو پارەیە كرد كە وەردەگیرێت، لەوبارەوە وەزیری داد رایگەیاند: " كە ئەو بڕە پارەیە پێشتر 25 ھەزار دینار بوو، بەڵام پاش دەست بەكاربوونی كابینەی نۆیەم كراوەتە 15 ھەزار دینار، ئێستاش لەچاو تێچوونی پێشتر و لە چاو ئەو خزمەتگوازارییەی كۆمپانیاكە پێشكەش بە ھاوڵاتیانی دەكات، نرخەكە زۆر نییە، چونكە بە سیستمە كۆنەكەش ھەر ھێندەی تێدەچوو، ھەندێك جاریش زیاتربوە، ئەمە جگە لەوەی كۆمپانیاكە ناتوانێت لەوە كەمتری بكاتەوە، ئەگەر لەوە كەمتر بكرێتەوە ئیشەكە ناكرێت، چونكە رێكخستنی جێگاو كرێی بالەخانەش ھەر لەسەر ئەوانە " .    

وەزیری داد رایگەیاند" ئەو تایبەتمەندییە باشانەی كە سیستمەكە بۆ كاری دادنوسی دەستەبەر كردووە بەتایبەت لە ھەڵگرتن و پاراستنی بەڵگەنامە ھەستیارەكانی ھاوڵاتیان لە بەڵێننامە و بریكارنامە و مامەڵەكانی دیكە و كەمكردنەوەی رۆتین و ئاسانكاری زیاترو تەزویرنەكران و وەرگرتنەوە و  بەكارھێنانی بەڵگەنامەكان لەلایەن ھاوڵاتیەوە لە ھەر شوێنێك بێت، ئەوانە بارتەقای ئەو بڕە پارەیەن  كە پێویستە ھاووڵاتی لەبەرانبەر ئەو خزمەتگوازارییە تەكنەلۆژیانەدا بیدات كە كۆمپانیاكە پێشكەشی دەكات، ئەمە جگە لەوەی بەڵگەنامەكە لە چەند سێرڤەرێكدا دەپارێزرێت " ، وەزیری داد زیاتر وتی" ئەو خزمەتگوازارییە بۆ ھەموو ھاوڵاتیان وەكویەكە تەنانەت بۆ منیش، چونكە ناو و ئامانجی وەزارەتەكەمان داد و دادپەروەرییە و دەبێت بۆ ھەمووان بێت بە بێ ھیچ جیاوازییەك و ئەركی منە كە دەبێت دادپەروەریی جێبەجێ ببێت" .  

وەزیری داد دووپاتی لەوە كردەوە كە ھیچ بەڕێوبەر و فەرمانبەرێك نابێت بە زارەكی بە ھاوڵاتیان و فەرمانبەرانی دیكە بڵێت ئیشەكەت لێرە نییە و ناكرێت، بەڵكو بەرپرسەكە دەبێت لەسەر داواكارییەكانی ھاوڵاتیان پەراوێز بنوسێت و بۆ سەروویی خۆی بەرزبكاتەوە تا دادپەروەی جێبەجێ ببێت" .

ھەر لەو سەردانەدا و لە چوارچێوەی وتووێژەكانی نێوان وەزیری داد و دادنوسەكان و فەرمانبەرانی بەڕێوبەرایەتییەكە دووپات لەوە كرایەوە كە لە سەدا 25 ی دەرماڵەی دادنوسی بۆ دادنووسان گەڕێندراوەتەوە و خەرج دەكرێت، ،چونكە لە یاسادا ھاتووە و پێشتر لەبەر قەیرانی دارایی راگیرابوو ،ھەروەھا وەزیری داد بۆ دادنوس و فەرمانبەران و ھاولاتیانیشی دووپات كردەوە كە : " پێویستیمان بە راو سەرنج و پێشنیازەكانی ھەمووتان ھەیە بۆ ئەوەی باشترین خزمەتگوازاریی بە شێوەیەكی دادپەروەرانە پێشكەش بكەین. لەوبارەوە ئاماژەی بەوە دا كە ھەموو كەس دەتوانێت سەردانی وەزارەتی داد بكات و داوا و پێشنیازی خۆی بە من بگەیەنێت چونكە ئەگەر ھاوڵاتیان و ئێوە نەبوونایە من نەدەبوومە وەزیر، كە ئەو پۆستەشم پێدراوە بۆ خزمەتكردنی ھاووڵاتیانە، ھەربۆیە ئەو ماوەیەی كە دەوام دەكەم موڵكی خۆم نییە بەڵكو موڵكی ھاوڵاتیانە"  

وەزیری داد ھەروەھا وتی" راستە دەبێت فەرمانبەر لە شوێنێكدا كاربكات كە خۆی ئارەزوویی لە كارەكە ھەبێت؛ بەڵام گرنگیشە كە پێویستی میلاكات و تایبەتمەندێتی وەزیفی بڕیار لەسەر شوێن وكاری فەرمانبەران بدات " لەوبارەوە وتی " لە وەزارەتی داد سەرقاڵی پێداچوونەوەین بە ھەیكەلی وەزارەتدا و بە شێوەیك دادەڕێژرێتەوە كە وەلامدەرەوەی پێداویستییەكانی كاری فەرمانگەكان بێت" .     

وەزارەتـــــی داد لـــەفەیسبوکگۆگل ماپس

ناونیشان

ناونیشان: هەرێمی کوردستان-هەولێر

‌چواڕیانی فرنسوا میتران

 سۆسیال میدیا

پەیوەندی کردن

بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانتان سەبارەت بە هەر کارێکی پەیوەست بە وەزارەتی داد یا هەر فەرمانگەیەکی تری سەر بە وەزارەت دەتوانن پرسیارو داواکاری و سکاڵاکانتان لە رێگەی ئەم فۆرمەوە بنێرن

: iraq, irbil
: 2245522 - 2245515 - 2245507
  نامەکەت نەگەیشت.   نامەکەتە بەسەرکەوتووی گەیشت.
Top