راستاندنی ( تەسدیقی ) بەڵگەنامەکان لە وەزارەتی داد، خزمەتگوزارییەکی گرنگ و بەردەوام ئامادەکردنی ریپۆرتاژ : نەریمان تاڵیب – عەبدووڵا عومەر

30 تشرين2/نوفمبر -0001
  • لەم بەڕێوبەرایەتییەدا بریکارنامەی گشتی و تایبەت، بڕوانامەی خوێندن، بڕوانامەکانی لە دایک بوون و ژیان و مردن، گرێبەستی ھاوسەرگیری، یان جیابوونەوە، ئەوراقی کۆمپانیاکان، راپۆرتی پزیشکی.
  • لە حاڵی ئێستادا بە ھۆی کردنەوەی نووسینگەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە شاری ھەولێر – لە شآری خەونەکان - پێویست نییە ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان سەردانی شاری بەغدا بکەن، دەتوانن لێرە بەڵگەنامەکانی دیکە پەسەند بکەن .
  • ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان کە نیشتەجێی دەرەوەی وڵاتن، بۆ ئەوەی بەڵگەنامەکانیان لە ھەرێمی کوردستان پەسەند بکرێت و ناچار نەبن سەردانی بەغدا بکەن، باشترە لەوێ سەردانی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بکەن .

                                                                   ******

بەڕێوبەرایەتی راستاندن و پەیوەندییەکان یەکێکە لە بەڕێوبەرایەتییەکانی وەزارەتی داد، کە لە دیوانی وەزارەتەکەدایە، وێڕای ئەوەی فەرمانبەرانی ئەم بەڕێوبەرایەتییە بەھۆی زۆری ژمارەی ئەو کەسانەی سەردانیان دەکەن ئەرکیان قوورس و کاریان زۆرە، لەھەمان کاتیشدا کارەکەیان زۆر ھەستیارە و پێویستی بە شارەزایی و وریایی ھەیە، بەھۆی شێوازی کارەکەیان و پەیوەندی و جۆری مامەڵەکان و ئەو شوێنانەی نووسراوو بەڵگەنامەکانی لێوە دێن یان بۆی دەچن.

 لەبارەی پێکھاتەی بەڕێوەبەرایەتییەکە و شێوازی کارکردنیان، بەڕێوەبەری راستاندن و پەیوەندییەکان لە دیوانی وەزارەتی داد، عەبدولرەزاق تەھا بۆ ماڵپەری وەزارەتی دادی روونکردەوە و وتی:

"کاری سەرەکی بەڕێوبەرایەتییەکەیان بریتییە لە راستاندن و پەسەندکردنی ھەر بەڵگەنامەیەک کە لە ھەر فەرمانگەیەکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە دەربچێ و یان رەوانەی دەرەوەی وڵات بکرێ، ئەو بەڵگەنامەیە دوای وەرگێڕانی بۆ زمانەکانی ئینگلیزی یان ھەر زمانێکی دیکە،  دەبێت مۆری وەزارەتی دادی لەسەر بێت، دوای ئەوەی کە دێتە لای ئێمە راستاندنی (تەسدیق)ی بۆ دەکرێت و دواتر دەچێتە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ھەرێم، ھەندێک بەڵگەنامەش ھەیە پێویستیان بە راستاندن ھەیە لە وەزارەتی دەرەوەی عێراقی فیدراڵ لە شاری بەغدا" .

شایەنی باسە، ھەرلەم بەڕێوبەرایەتییەدا، جەندین بەڵگەنامەی دیکەش تەسدیق دەکرێت لەوانە : بریکارنامەی گشتی و تایبەت، بڕوانامەی خوێندن، بڕوانامەکانی لە دایک بوون و ژیان و مردن، گرێبەستی ھاوسەرگیری، یان جیابوونەوە، ئەوراقی کۆمپانیاکان، راپۆرتی پزیشکی، یان ھەر بەڵگەنامەیەکی دیکە کە لە دەرەوەی وڵات بەمەبەستی کارکردن بێت، دەبێت مۆری نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێم یان ئەگەر نەبوو وەزارەتی دەرەوەی عێراق راستاندنی بۆ بکرێ، دوای ئەوەی دەچێتە فەرمانگەی کاروباری دەرەوەی حکومەتی ھەرێم  ئینجا دێتەوە وەزارەتی داد و راستاندنی بۆ دەکرێت .

عەبدولرەزاق تەھا، زیاتر وتی" ھەرلەم بەرێوەبەرایەتییەدا ئەو مامەڵەو نووسراوانەی کە لە دەرەوەی سنووری ھەرێمی کوردستانەوە دێن، مەبەست ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمە، واتا لە روویی کارگێڕییەوە سەربە حکومەتی ھەرێم نیین، مامەڵەکانیان رایی ناکرێ تەنانەت ئەگەر خۆیان دانیشتوویی ھەرێمیش بن، ئەو بەڵگەنامانەی کە پەسەند دەکرێن لە بەڕێوبەرایەتی راستاندن و پەیوەندییەکان دەبێت بەڵگەنامەی رەسەن( ئەسڵی) یان پەسەندکراو بن، واتە دەبێت مۆر و واژوویی نوێی لەسەر بێت، لەھەمان فەرمانگەی کە بەڵگەنامەکەی لێوە دەرچووە ".

ئەو بەڵگەنامانەی پێویستییان بەوە ھەیە ببرێنە وەزارەتی دەرەوەی عێراقی فیدراڵ، لە شآری بەغدا، تەنیا ئەو بەڵگەنامانەن کە لە باڵێۆزخانەکانی عێراق لە دەرەوە دەرچوون و رێکخراوون، ھەربۆیە لە حاڵی ئێستادا بە ھۆی کردنەوەی نووسینگەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە شاری ھەولێر – لە شآری خەونەکان - پێویست نییە ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان سەردانی شاری بەغدا بکەن، دەتوانن لێرە بەڵگەنامەکانی دیکە پەسەند بکەن، بەبێ سەردانی بەغدا، یەک لە ئەرکە سەرەکییەکانی ئەم نووسینگەیەی ھەولێر، پەسەندکردنی ھەموو ئەو بەڵگەنامانەیە کە لە ھەرێمی کوردستانەوە دەرچوون و پاش پەسەند کردنیان لە وەزارەتی داد و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، پێویستە رەوانەی دەرەوە بکرێن، و تایبەتن بەھەندێک وڵات کە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە دەست نیشانی کردوون.

بۆ ئەوەی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان کە نیشتەجێی دەرەوەی وڵاتن، بە ئاسانترین رێگە بەڵگەنامە پێویستەکانیان لە ھەرێمی کوردستان پەسەند بکرێت و لە کاتی ئەنجامدانی ئەم جۆرە مامەڵەیەدا ناچار نەبن بۆ سەردانی وەزارەتی دەرەوەی فیدراڵی سەردانی بەغدا بکەن، باشترە کە دەستیان بە مەعامەلەکانیان کرد، لەوێ سەردانی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بکەن لەو ولاتەی کە لێێ نیشتەجێن، واتە لە کاتی رێکخستنی بریکارنامە و ھەر بەڵگەیەکی دیکە، بەتایبەتی ئەوانەیان کە پێویستە لە ھەرێمی کوردستان بێتە جێبەجێ کردن . 

سەبارەت بە پیشکەشکردنی ئەم خزمەتگوزارییە دادییە لە سەردەمی باری نائاسایی تەندروستی و کەرەنتینەکردن بە ھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، عەبدولرەزاق تەھا، بەڕێوبەری راستاندن و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی داد، بە ماڵپەری وەزارەتی دادی راگەیاند:" لەبەر رۆشنایی رێکار و رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی رۆژانە پێشوازی لە ھاووڵاتیان دەکەین و مەرجی سەرەکیش بریتییە لەوەی دەبێت ھەمو ھاوولاتیییەک دەمامکی بەستبێت و دەستکێشی لەدەست دابێت و رەچاووی دووریی نیوانیان بکەن، بۆ ئەوەی قەرەباڵغیش دروست نەبێت، ھاوولاتیان بە نۆرە سەردانمان دەکەن" .

ھەروەھا داواشی لە ھاوولاتیان کرد، " پێش ئەوەی سەردانی دیوانی وەزارەتی داد بکەن، پێویستە بە وردییەوە لە بەڵگەنامەکانیان و پێداویستییەکانی مەعامەلەکەیان بڕوانن و ھیچ بەڵگەنامەیەک لە بیر نەکەن بۆ ئەوەی بتوانین لەیەک سەردانی ئەواندا کارەکانیان بۆ تەواو بکەین، چونکە ئەگەر ھاووڵاتی بەڵگەنامەیەکی پێویستی پێنەبێت، ئەوکات تەواو بوونی مەعامەلەکەی دوادەکەوێت و زۆرجا لە شارێکی دیکەوە ھاتۆتە ھەولێر، ئەوە دەبێتە زەحمەت بۆی. ھەربۆیە باشترە ئەگەر ماعامەلەکە ھی خۆیان بێت پێویستە ھەموو بەڵگەنامەکانی وەکو کارتی نیشتیمانی و ئەوانیدیان پێ بێت، ئەگەر مەعامەلەکەش ھی خۆیان نەبێت، پێویستە بریکارنامە، یان پێناسەی کەسەکەیان پێ بێت، ناشبێت پەلە بکەن لە تەواو بوونی کارەکانیان چونکە ئیشەکە وردبینی زۆر دەوێت، ھەروەھا پێویستە بزانن دوای تەواوکردنی کارەکە لە وەزارەتی دا دەبێت سەردانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەش بکەن .  

پێویستە ھاووڵاتی لە کاتی سەردانیکردنی دیوانی وەزارەتی داد بۆ کاری پەسەندکردنی بەڵگەنامەکان ئەم پێداویستیانە لەگەڵ خۆی بھێنێت : 

١-کارتی نیشتیمانی. ٢-ناسنامەی باری کەسێتی. ٣-پاسپۆرت .

٤-بۆ پەسەندکردنی بەڵگەنامەی ھاوسەرگیری، دەبێت ناسنامەکەی ئامادە بکات بە گوێرەی ئەو بەڵگەنامەیەی ھاوسەرگیرییەکەی کە لەسەر بەڵگەنامەکە ئاماژەی بۆ کراوە. 

     

 

1000 characters left
هێنانی فایل

بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانتان سەبارەت بە هەر کارێکی پەیوەست بە وەزارەتی داد یا هەر فەرمانگەیەکی تری سەر بە وەزارەت دەتوانن پرسیارو داواکاری و سکاڵاکانتان لە رێگەی ئەم فۆرمەوە بنێرن

ژمارەی تەلەفۆن

0662245507
0662245515
0662245522

Top