وەزارەتی داد ئاماری ساڵی ٢٠١٩ی کار و خەرجی و داھاتەکانی بڵاوکردەوە

20 تموز/يوليو 2020

بە پێی راپۆرتێکی نوێی وەزارەتی دادی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەرچەندە لە ماوەی ساڵی ٢٠١٩دا خەرجیەکانی وەزارەت لە چاو ساڵی پیشووتردا زیادی کردووە. بەڵام داھاتی وەزارەت بە ڕێژەی (١٠٦%) زیاترە لە خەرجییەکانی وەزارەت. ئەو راپۆرتە کە بەڕێوبەرایەتی پەرەپێدان لە دیوانی وەزارەت ئامادەی کردووە، دەڵێت: داھاتی وەزارەتی داد بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە رێژەی (٣٨%) زیادیکردووە و ژمارەی فەرمانبەرانی وەزارەتیش بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە رێژەی (٢%) کەمیکردووە. 

ئەو راپۆرتە درێژە کە لە سایتی وەزارەت بڵاوکراوەتەوە بە وردیی ئاماری کار و چالاکی و خەرجی و داھاتی ساڵی ٢٠١٩ ی وەزارەتی دادی دەرخستوووە و پشتی بەستووە بەو زانیاریی و ئامارانەی کە تا  ٢/٣/٢٠٢٠، لە فەرمانگەکانی سەربە وەزارەتەوە بەدەستی بەڕێوبەرایەتی پەرەپێدان گەیشتووە. بایەخی ئەم راپۆرتە بۆ زانین و ئاگاداربوونە بە ئامار و گرنگترین گۆڕانکارییە ئامارییەکانی وەزارەتی داد لە بواری کارو چالاکییەکان وداھات و خەرجییەکان.   

خەرجییەکان

بە پێی زانیارییەکانی راپۆرتەکەی وەزارەتی داد ، خەرجی وەزارەتی داد لە ساڵی ٢٠١٩ بریتییە لە (٦٤.١٤٦.٤٧٧.٩١٠)، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە رێژەی (٩%) زیادیکردووە. ئەم زیادەیەش بە پلەی یەک بۆ  زیادبوونی خەرجی دەزگای داواکاری گشتی و بەرێوەبەرایەتی گشتی فەرمانگەکانی داد دەگەڕێتەوە.

داھات

داھاتی وەزارەتی داد لە ساڵی ٢٠١٩ بریتییە لە (١٣٢.٤٠٨.٧٤٣.٤٩٢)، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە رێژەی (٣٨%) زیادیکردووە. داھاتی وەزارەت بە ڕێژەی (١٠٦%) زیاترە لە خەرجییەکانی وەزارەت. شایەنی باسە ژمارەی فەرمانبەرانی وەزارەت بریتییە لە (٤.٥٤٨) کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە رێژەی (٢%) کەمیکردووە.

وەزارەتی داد بە پێی یاسای ژمارە (١٣) ی ساڵی ٢٠٠٧ کاردەکات، لە ٧ دەزگە و جوومگەی سەرەکی پێک ھاتووە : سەرۆکایەتی ئەنجومەنی شوورای ھەرێم، دەستەی سەرپەرشتیاریی دادیی، سەرۆکایەتی داواکاری گشتی، دیوانی وەزارەتی داد، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەیمانگەی دادوەریی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆمارکردنی خانووبەرە، بەڕیوبەرایەتی گشتی فەرمانگە دادییەکان کە بۆ ساڵی ٢٠١٩ ئاماری کارو چالاکییەکانیان بەم جۆرە بووە وەکو لە راپۆرتەکەدا ھاتووە:

    دیوانی وەزارەتی داد (بەڕێوبەری گشتی داد)

لە دیوانی وەزارەتی داد خولەکانی شیاندن بەردەوام بووە، سەبارەت بە کردنەوەی خولی شیاندن لە ساڵی ٢٠١٩، لە راپۆرتەکەدا ھاتووە: (٤٣٠) فەرمانبەر بەشداری خولیان کردووە، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە رێژەی (٥٥%) زیادیکردووە.

ھەرلە راپۆرتەکەدا ئاماژە بە دەرچوواندنی ژمارەکانی رۆژنامەی وەقایعی کوردستان لەو ساڵەدا کراوە کە (١٤) ژمارە لە رۆژنامەی وەقایع چاپکراوە و بلاوکراوەتەوە، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە رێژەی (١٧%) زیادیکردووە و (٨.٨٥٨) ژمارەش فرۆشراوە و فرۆشتنیش بە رێژەی (١٠%) زیادیکردووە.

ئەنجومەنی شوورا و داواکاری گشتی

کۆی گشتی کارە ئەنجامدراوەکانی ئەنجومەنی شوورا بریتییە لە (٦٩٠) جۆر مامەڵە، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە رێژەی (٦٢%) زیادیکردووە. (١٢٣٦) دۆسیەی تاوان وردبینیکراوە لەلایەن دەستەی تاوانەکان لە سەرۆکایەتی داواکاری گشتی، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە رێژەی (٨%) زیادیکردووە. کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ زیادبوونی تاوان.(٥٤٦) دۆسیەی تاوان وردبینیکراو لەلایەن دەستەی نەوجەوانان لە سەرۆکایەتی داواکاری گشتی، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە رێژەی (٧٨%) کەمیکردوە. کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ کەمبوونی تاوان لەلایەن نەوجەوانان، لە بارەی دریژەی کار و چالاکییەکانی دیکەی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی و کار و چالاکیەکانی دەستەی مافی گشتی، راپۆرتەکە زانیاری زیاتری تیادایە.

سەرپەرشتیاریی دادیی و پەیمانگەی دادوەریی 

سەردانی سەرۆک و سەرپەرشتیارانی داد بۆ فەرمانگەکانی وەزارەت بەرێژەی (٧١%) زیادیکردوە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو.لە ساڵی ٢٠١٩ (١٢٠) قوتابی لە پەیمانگەی دادوەری دەخوێنن بۆ ئەوەی لە دوای دەرچوونیان ببن بە دادوەر وئەندامی داواکاری گشتی لە ھەرێم.

تۆمارکردنی خانووبەرە

 (٧٦.٨٦٨) مامەڵەی کرین و فرۆشتنی زەوی لەسەر ئاستی ھەرێم ئەنجامدراوە، بەوپێیەش بەرێژەی (١٦%) زیادیکردوە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو. بەڵام بانانە (مساگحە) بەرێژەی (٥٣٣%) کەمیکردوە کە تەنیا (٣) مامەڵە ھەبووە.مامەڵە رەفتارییەکان کە گرنگترین کاری بەرێوەبەرایەتییەکانی تۆمارکردنی خانووبەرەیە لە ساڵی ٢٠١٩ (١٤٠.١١٥) مامەڵە ئەنجامدراوە، بەوپێیەش بە رێژەی (٩%) لەسەر ئاستی ھەرێم زیادیکردوە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو.

فەرمانگە دادییەکان

فەرمانگەکانی دادنووسی لەسەر ئاستی ھەرێم (١.٠٧٥.٦٢٩) مامەڵەیان ئەنجامدراوە، بەوپێیەش کارەکانیان بە رێژەی (١٣%) زیادیکردوە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو.(١٤) فەرمانگەی دادنووسی لەسەر ئاستی ھەرێم کراون بە ئەلیکترۆنی، کاری فەرمانگەکانی دیکەشیان بەم جۆرە بووە :

١بەڕێوەبەرایەتییەکانی جێبەجێکردن لەسەر ئاستی ھەرێم (٤١.٢٠٠) مامەڵەیان ئەنجامداوە، بەوپێیەش کارەکانیان بە رێژەی (١١%) زیادیکردوە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو.

٢.کاری بەڕێوەبەرایەتییەکانی چاودێری ناکامەکان لەسەر ئاستی ھەرێم (٣١.٣٧٢) مامەڵەیان ئەنجامداوە، بەوپێیەش کارەکانیان بە رێژەی (١٨%) زیادیکردوە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو.

سەبارەت بە چۆنێتی ئامادەکردنی راپۆرتەکەیان، بەهرام ساڵح بەڕێوبەری پەرەپێدان لە وەزارەتی داد ،تایبەت بە ماڵپەری وەزارەتی دادی راگەیاند: راپۆرتی ئاماری کار و جالاکی وەزارەتی داد، سالانە لەلایەن بەڕێوبەرایەتی پەرەپێدان لە دیوانی وەزارەت ئامادە دەکرێت، زۆر بەوردی تەواوی ئاماری وەزارەت لە خۆدەگرێت و لەسێ بەشی سەرەکی پێکدێت، لەم راپۆرتەدا بەراوردکای لە نێوان ئامارەکانی ساڵێک لەگەڵ ساڵێکی پێش خۆیدا دەکرێت و تەواوی گۆڕانکارییەکان بە شێوازی ژمارە دیاریدەکرێن، بەمەبەستی بەدواداچوون و سوود وەرگرتن لە داتاکان. 

راپۆرتی ئاماری کارو جالاکی ساڵی ٢٠١٩ وەزارەتی داد لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ ەوە تەواو و ئامادەکراوە و حەوتەم کتێبی ئاماری کار و چالاکی سالانەی وەزارەتەو، وەکو ساڵاننی پێشوو لە پلانماندا بوو هەرزوو کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەبارەیەوە ببەستین بە ئامانجی برەودان و کارکردن بە شەفافیەت وەکو یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم، بەلام بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کەرەنتین و پشوەکان نەمان توانی کۆنگرەی رۆژنامەوانی ببەستین، هەربۆیە پووختەیەک لە راپۆرتەکە و تەواوی راپۆرتەکەشمان لەماڵپەری وەزارەت بڵاو کردۆتەوە" 

ئەمساڵ بە ھۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا سازدانی کۆنگرەی رۆژنامەوانیمان بە پێویست نەزانی، بەڵام لەو لینکەی خوارەوەدا بە درێژی لە ماڵپەری وەزارەتی داد بڵاومان کردۆتەوە .  

https://moj.gov.krd/index.php/raport-u-amari-sallaney-wezaret/item/769-2020-07-19-07-27-39

  

1000 characters left
هێنانی فایل

بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانتان سەبارەت بە هەر کارێکی پەیوەست بە وەزارەتی داد یا هەر فەرمانگەیەکی تری سەر بە وەزارەت دەتوانن پرسیارو داواکاری و سکاڵاکانتان لە رێگەی ئەم فۆرمەوە بنێرن

ژمارەی تەلەفۆن

0662245507
0662245515
0662245522

Top