وەزیری داد سەردانی پەیمانگەی دادوەریی كرد

20 تشرين2/نوفمبر 2019


وەزیری داد: بۆ ئەوەی باشترین دادوەر و ئەندامی داواكاری گشتی ئامادە بكەین، دەبێت بایەخی زیاتر بە خوێندن و تێگەیشتن لە دەستەواژە قانوونییەكان بدەین .

لەسەردانێكیدا بۆ پەیمانگەی دادوەریی، وەزیری داد، فرسەت ئەحمەد، بەڕێوەچوونی خوێندنی لە ھۆڵەكانی پەیمانگەی دادوەریی بەسەركردەوە و دووپاتی لەسەر بەرزراگرتنی ئاستی خوێندن كردەوە و رایگەیاند: " بایەخدان بە زانیاری قانوونی و زمان و دەستەواژە قانوونییەكان رۆڵێكی كاریگەریان لە باشتركردنی ئاستی خوێندن لە پەیمانگەكەدا دەبێت" .

رۆژی سێشەمە 19-11-2019 وەزیری داد، بەیاوەری دادوەر عەبدولڕەحمان حەمە كردیم، بەڕێوبەری گشتی داد و نەریمان تاڵیب وتەبێژی وەزارەت، سەردانی پەیمانگەی دادوەریی كرد و لەلایەن دادوەر، سیروان كەمال، بەڕێوبەری گشتی پەیمانگەی دادوەریی و مامۆستا و قوتابیان و فەرمانبەرانی پەیمانگەكەوە پێشوازی لێكرا.

وەزیری داد لەوسەردانەیدا لەناو ھۆڵەكانی خوێندن لە پەیمانگەی دادوەریی، قسەی بۆ قوتابیان كرد و گوێی لە تێبینی و داواو سەرنجەكانیانی گرت لەوبارەیەوە داوای لێكردن بایەخێكی زۆر بە خوێندن و وانەكانیان بدەن، چونكە ئەوان دوای دوو ساڵی دیكە دەبنە دادوەر یان ئەندامی داواكاری گشتی ھەروەھا پێی وتن ، " ئێوەن لە داھاتوویەكی نزیكدا لە دادگاكاندا مافی ھاووڵاتیان دەپارێزن و یاسا جێبەجێدەكەن و بەرگری لە ماف و بەرژەوەندییە گشتییەكانی كۆمەڵگە دەكەن"

وەزیری داد لە وتەكانیدا بۆ قوتابیانی پەیمانگەی دادوەریی داوای لێکردن بایەخ بە سەرچاوە زانستییەکانی قانوون بدەن بۆ ئەوەی بە باشی لە دەستەواژە قانوونییەكان و مانا و حوكمی یاساكان تێبگەن و بتوانن دادوەرییەكی راست و باش بكەن و یاساكان بەباشی جێبەجێ بكەن، بەڵام ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە سەرچاوە و ژێدەر و کتێبە زانستیی و فقهییەکان بە زمانی کوردی زۆر کەمن، هەربۆیە پێویستە بایەخ بەزمانەکانی دیکەش بدەن.

وەزیری داد لەو بارەیەوە رایگەیاند : بەھۆی ئەو زوڵم و زۆرییەی بەدرێژای مێژوو لە سەر گەلی كورد ھەبووە، دەبینین لە ساڵانی پێشتردا، زمانی کوردی لە بواری کارگیڕی و لە دادگاکاندا و لە تەشریعی قانووندا بە باشی بەکارنەهێنراوە، هەربۆیە لە بواری دەستەواژە قانوونی و فقهییەکاندا لاوازە، هەروەها ئەو قانونانەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا بەرکارن بە زمانی عەرەبین و لە كاتی ھەبوونی فرە مانایی و فرە راڤەكردنیشدا؛ بۆ یەكلایی كردنەوەی مانای قانوونەكان زمانی عەرەبی دەكرێتە پێودانگ. ئەمە جگە لەوەی سەرچاوە و ژێدەرەکانی قانوونیش بە زمانی کوردی زۆر کەمن و بە پەنجەی دەست دێنە ژماردن، ئەو كتێبانەشی لەو بوارانەدا بۆ زمانی كوردی وەرگێڕدراوون، بە ھۆی لاوازی زمانی قانوونیەوە لەلای خۆمان، وەرگێڕانە كوردییەكە لاواز و پڕلە كەمووكورتییە چونکە زمانەکەمان لە بواری دەستەواژە قانوونییەکاندا لاوازە. هەربۆیە باشترە بۆ دەوڵەمەند کردنی زمانی کوردی لەو بوارەدا، بایەخ بە فێربوونی زمانی عەرەبی و زمانەکانی دیکەش بدەن "

وەزیری داد لەو سەردانەیدا ھەروەھا وتی: " قانوونەكان كە زامنی پاراستنی مافی ھاوڵاتیانن، لە كاتی تەرجوومەكردنیاندا،نابێت بوار بۆ فرە مانایی وشە و دەستەواژەكانیان دروست ببێت، سەرباری ئەوەش زۆر لەو دەستەواژە قانوونیانە كە وشەی عەرەبین لە زمانی كوردیدا مورادفیان نییە" .

شایانی باسە، پەیمانگەی دادوەریی لە ھەرێمی كوردستان یەك لە فەرمانگە سەرەكی و گرنگەكانی وەزارەتی دادە كە خوێندن تیایدا دوو ساڵە و قوتابیان بە پێی مەرجەكانی ناو یاسای پەیمانگەی دادوەریی ژمارە (7) ی ساڵی 2009 وەردەگیرێن و پاش دەرچوونیان بە پێی فەرمانی ھەرێمی بە دادوەری پۆلێنی چوار و ئەندامانی داواكاری گشتی دادەمەزرێن . یەكەم خولی پەیمانگەكە لە 1-2-2012 كرایەوە كە (719) قوتابی وەرگرتبوو

ناونیشان

ناونیشان: هەرێمی کوردستان-هەولێر

‌چواڕیانی فرنسوا میتران

 

پەیوەندی کردن

بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانتان سەبارەت بە هەر کارێکی پەیوەست بە وەزارەتی داد یا هەر فەرمانگەیەکی تری سەر بە وەزارەت دەتوانن پرسیارو داواکاری و سکاڵاکانتان لە رێگەی ئەم فۆرمەوە بنێرن

: iraq, irbil
: 2245522 - 2245515 - 2245507
  نامەکەت نەگەیشت.   نامەکەتە بەسەرکەوتووی گەیشت.
Top